گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پرۆسە هاوبەشەکان: پۆلیسی فیدڕاڵی لە شنگالە و پێشمەرگە لەوێ بوونی نییە

2020.11.21 - 19:26
پرۆسە هاوبەشەکان: پۆلیسی فیدڕاڵی لە شنگالە و پێشمەرگە لەوێ بوونی نییە

ناس کورد-

سەرکردایەتیى پرۆسە هاوبەشەکانى عێراق ئاشکرایکرد، هێزى ئەمنیى فیدراڵى گەیشتوونەتە قەزاى شنگال و ڕێککەوتنى تایبەت بە قەزاکە کەوتوەتە بوارى جێبەجێکردنەوە، ڕاشیگەیاند، نە پێشمەرگە و نە هیچ هێزێکى تر لە شنگال بوونى نییە.

 

لیوا تەحسین خەفاجى، وتەبێژى سەرکردایەتیى پرۆسە هاوبەشەکان (شەممە 21ى تشرینى دووەمى 2020) بە ئاژانسی فەرمیی عێراقی ڕاگەیاند: " دەستکراوە بە جێبەجێکردنى ڕێککەوتنى شنگال کە خۆى لە بوونى هێزە فیدراڵیەکان لەناو قەزاکەدا دەبینێتەوە، نە پێشمەرگە و نە هیچ هێزێکى تر لە شنگال بوونى نییە و سوپا بەرپرسیارێتى دەگرێتە دەست." 

 

 ئاماژەی بەوەشكردووە: "هێزى پۆلیسى فیدراڵى نێردراو بۆ قەزاى شنگال دەستیان کردووە بە ئەرکەکەیان و مەلەفى ئەمنى قەزاکەیان وەرگرتووە، فیرقەى شەشى پۆلیسى فیدراڵى بەرپرس دەبێت لە ئیدارەدانى مەلەفى ئەمنى.



خەفاجى هێماى بۆ ئەوەشکردووە، مەلەفى ئەمنیى ناوخۆى شنگال لەدەستى پۆلیس و ئاسایشى نەتەوەیى دەبێت، دەرەوەى قەزاکەش بەرپرسیارێتى سوپایە.



بەرەبەیانی دوێنێ هەینی 20ی تشرینی دووەمی 2020، سێ لیوای پۆلیسی فیدڕاڵی گەیشتنە قەزای شنگال و لە قەزاکە بڵاوەیان پێکرا.