گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’هەرێم لە تاقیکردنەوەدایە’’

ئەندامێکى لیژنەى دارایی: تەنها رەبولعالەمین و بەرپرسانی هەرێم دەزانن موچەی موچەخۆران چی لێ دێت

2020.11.21 - 17:30
ئەندامێکى لیژنەى دارایی: تەنها رەبولعالەمین و بەرپرسانی هەرێم دەزانن موچەی موچەخۆران چی لێ دێت

ناس کورد-

 

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئەگەر ئەمجارە هەرێمی کوردستان پابەند نەبێت بەو مەرجانەی لە یاسای قەرزدا بۆی دیاریکراوە، پێناچێت بەغدا هیچ بڕە پارەیەک بۆ هەرێم بنێرێت، دەشڵێت "تەنها رەبولعالەمین و بەرپرسانی هەرێم دەزانن، ڕێکدەکەون یان نا."

 

جەمال کۆچەر لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا (21ی تشرینی دووەمی 2020)  کە ناس کورد بەدواداچوونى بۆ کردووە وتی "گەر هەرێم پابەند نەبێت بەو مەرجانەی لە یاسای قەرزدا بۆی دانراوە، ئەرکی نوێنەرانی کورد لە بەغدا قورس دەبێت، لەوانەیە سیناریۆی تێپەڕاندنی یاسای قەرز بێ خواستی کورد، لە بودجەی 2021 یشدا دووبارە ببێتەوە."

 

وتیشى "هەرێمی کوردستان تا ئێستا پابەند نەبووە، بۆیە بۆ هەموومان قورسە بەرگری بکەین و چەکی دەستمان لاوازە، چونکە هەرێم هیچی ڕادەست نەکردووە، بۆیە هەرێم لە تاقیکردنەوەدایە، گەر پابەند بێت، ئیشمان ئاسان دەبێت، گەر پابەندیش نەبێت، قورسە بەرگری بکەین."

 

ئەندامەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، پێیوانییە هەرێمی کوردستان پابەند بێت بە مەرجەکانەوە، وەکو ئەوەی کە حکومەتی عێراق دەیەوێت، وتی"لەوانەیە هەرێم پابەند بێت، بەڵام نەک وەکو ئەوەی بەغدا داوایدەکات، ئەوەی بەغدا دەیەوێت، بەهیچ شێوەیەک پێموانیە هەرێم پابەند بێت."

 

سەبارەت بە چارەنوسی موچەی موچە خۆرانی هەرێم، لە حاڵەتی ڕێکنەکەوتنی هەرێم و عێراق دا، جەمال کۆچەر، وتی"تەنها رەبولعالەمین دەزانێت، دواتریش ئەوانەی هەرێم دەزانن، چونکە تەنها خۆیان دەزانن، چۆن بڕیار دەدەن."