گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’کۆرۆناى نوێ’’

رونکردنەوەى نوێ لەبارەى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى سارس لە سلێمانی دەدرێت

2020.11.21 - 17:19
رونکردنەوەى نوێ لەبارەى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى سارس لە سلێمانی دەدرێت

ناس کورد-

 

لێپرسراوی بەشی کۆنترۆڵی نەخۆشییە گوازراوەکان لە بەڕێوەبەرێتی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی جەختدەکاتەوە نەخۆشی سارس لە سلێمانی نییە و لە ساڵی 2004ەوە لە هیچ وڵاتێک تۆمار نەکراوە.

 

د. نەورۆز عوسمان سەعید لێپرسراوی بەشی کۆنترۆڵی نەخۆشییە گوازراوەکان لە بەڕێوەبەرێتی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی رۆژی (21ی تشرینی دووەمی 2020) بۆ "ناس کورد"، دەنگۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی سارس-ی لە سلێمانی رەتکردەوەو رایگەیاند، ئەوەی کراوە بەهۆی هێنانی جۆرێکی کیتی تازەیە بۆ دیاریکردنی کۆرۆنا کە توانایەکی زیاتر هەیە لە کیتەکانی پێشترو نیشانەی زیاتری پەتاکە ئاشکرا دەکات و وردترە لە دۆزینەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناو نیشانەکانی.

 

وتیشى "بەهیچ شێوەیەک نەخۆشی سارس لە هەرێمی کوردستان نییە، ئەوەشی باس دەکریت گوایە دیاریکراوە سارس نییە و نیشانەی نوێی کۆرۆنایە، چونکە دیاریکردنی نەخۆشی سارس پێویستی بە ئامێری دیکە هەیە ناتوانرێت بەم ئامێرانەی ئێستا بدۆزرێتەوە، تەنانەت لە بەغداش تاقیگەی پێشکەوتووی لەو جۆرە نییە ئەو نەخۆشییە دیاری بکات".

 

لەبارەی نەخۆشی سارسەوە، نەورۆز عوسمان باسى لەوەکرد، ئەوە جۆرێکە لە کۆرۆنا و یەکەمجار لە کۆئەندامی هەناسەی مرۆڤ دەدات و نەخۆشیەکەش سەرەتا لە وڵاتی چین دەرکەوت و ئەو ڤایرۆسەش لە رێگەی ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ گوازراوەتەوە.

 

ڤایرۆسى سارس لە سالی 2003 دەرکەوتووەو تا سەرەتای ساڵی 2004 نزیکەی 8 هەزار کەس زیاتر توشی پەتاکە بوون و 11% توشبووان گیانیان لەدەستداوە لەو ساڵەشەوە لە هیچ وڵاتێک حاڵەتی نوێی سارس دیاری نەکراوە.