گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هۆشدارییەک بۆ عێراق

یونیسێف لەبارەی دۆخی منداڵان و نەوجەوانان هۆشداری دەداتە عێراق

2020.11.21 - 16:57
یونیسێف لەبارەی دۆخی منداڵان و نەوجەوانان هۆشداری دەداتە عێراق

ناس کورد-

ڕێکخراوی یونیسێفی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، مەترسی ئەوە هەیە لە 40%ی منداڵان و نەوجوانانی عێراق دووچاری هەژاری ببنەوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، پەتای کۆرۆنا و نالەباری دۆخی ئابوری هۆکاری سەرەکیین بۆ بەرزبوونەوەی ئەو ڕێژەیە.

 

لەڕاگەیەندراوێکدا  کە وێنەیەکی دەست" ناس کورد" کەوتووە، ڕێکخراوی یونیسێڤی سەر بەنەتەوە یەکگرتووەکان ( 21ی تشرینی دووەمی 2020) ڕایگەیاند: " بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان لاوەکی کاریگەری نەرێنی کردووەتەسەر ژیانی منداڵان و نەوجوانان لە عێراق، بەتایبەت لەدەستدانی بەخێوەکەرەکەنیان بەهۆی ئەو نەخۆشییە دووچاری هەژاریان دەکاتەوە".

 

ئاماژە بەوەشکراوە: " داتاکان ئەوەیان خستووەتەڕوو بەهۆی نالەباری بارودۆخی ئابوری و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە هەر پێنج منداڵێک یان نەوجوانێکی عێراقی دووانیان لە ژێر مەترسی هەژاریدان و پێشبینی دەکرێت ڕێژەکە نزیکەی لە 40% بێت".

 

لای خۆیەوە ڤۆیاکۆڤا سۆلۆرانۆ، نوێنەری تایبەتی نەتەوەیکگرتووەکان لە عێراق لەوبارەیەوە ڕایگەیاندووە: " عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کە ئەندامە لە ڕێککەوتنی نەتەوە یکگرتووەکان بۆ مافەکانی منداڵ، بۆیە دەبێت پابەندی تەواوی فەراهەمکردنی ئەو مافانە بێت".

 

ئاماژەی بەوەشکردووە: " دەبێت حکومەتی عێراق پابەندی مسۆگەرکردنی مافەکانی تەندروستی، ئاسایش، ئازادی، خوێندن، یاریکردن و دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی پاک بێت بۆ منداڵان، بەڵام ئەوەی تێبینیمان کردووە لە ئێستادا ڕێژەیەکی زۆر لەمنداڵانی عێراق بەدەست نەبوونی ئەو مافانەوە دەناڵێنن و مەترسی دووچاربوونەوەی هەژاریان لەسەرە".