ناس کورد-
بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کرێی خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگا حکومییەکان کەمبکاتەوە و کۆتا بڕیارە لەوبارەیەوە بدات.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە هەفتەی ڕابردوودا، لیژنەی پەرەوەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ چەند بەرپرسێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا کۆبوونەوە و یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە کەمکردنەوەی کرێی خوێندنی زانکۆ و پەیمانگا تایبەتەکان بوو.
موسلیم عەبدوڵا قەسرێ، جێگری سەرۆکی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا (شەممە 21ی تشرینی دووەمی 2020) بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "داوای کەمکردنەوەی کرێی خوێندنی زانکۆ و پەیمانگا تایبەتەکانمان کرد و بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا وەزارەتی خوێندنی باڵا لەوبارەیەوە بڕیاربدات."
وتیشی: "کرێی خوێندنی زانکۆ و پەیمانگا تایبەتەکانیش کەمدەکرێنەوە، بەڵام هێشتا ڕێژەکەی دیارنییە و بە ئەگەرێکی زۆر ئەم هەفتەیە ئاشکرادەکرێت."
پێشتریش وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاریدا کرێی خوێندنی پارالێل و ئێواران لە زانکۆ حکومییەکان بەڕێژەی %45 کەمبکاتەوە.
جێگری سەرۆکی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا باسی لەوەشكرد: "هەروەها کێشەی نەکردنەوەی بەشە ناوخۆییەکانیشمان لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا تاووتوێ کرد و ئەو کێشەیەش چارەسەردەکرێت و سەرجەم بەشە ناوخۆییەکان دەکرێنەوە."