گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

چۆن پێکەوە بوون بە سوتماک؟

محەمەد و کۆچەر؛ کارەساتى دواى چوار مانگ هاوسەرگیریی

2020.11.21 - 15:25
محەمەد و کۆچەر؛ کارەساتى دواى چوار مانگ هاوسەرگیریی

ناس کورد-

ئێوارەیەکى درەنگى باراناوى سابیر عەلى بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە بەرەو زێدى نیشتەجێبوونى لە گۆپتەپە دەگەڕایەوە، کاتێک ئاگر و دوکەڵێکى زۆرى بینى کە لە ئۆتۆمبیلێکى تێکشاو لەسەر شەقامە سەرەکییەکە بەرزدەبووە، دابەزى و ئاهێکى قوڵى هەڵکێشا، بەبێ ئەوەى بزانێت ئەوانەى لەناویدا دەسوتێن جگەرگۆشە و بوکەکەیەتى.

 

سابیر بە بینینى دیمەنەکە زۆر تاسا و سەرقاڵى هەواڵپرسینى ئەوە بوو کە دەبێت ئەوانە کێ بن کە لەناو ئۆتۆمبیلەکەدان، پێش ئەوەى کوڕەکەى کە بە هەڵەداوان خۆى گەیاندە شوێنەکە پێی بڵێت کە ئەوە "محەمەدى خۆمانە" کە لەگەڵ هاوسەرەکەیدا پێکەوە لەناویدا بوون.

 

ئەو قسە جەرگبڕە سابیرى تووشى دۆخێکى زۆر قورس کردەوە و ئەستەم بوو بڕوا بەوە بکات کە ئەوانەى لەبەردەمیدا دەسوتێن محەمەدى کوڕى و کۆچەرى بوکیەتى.

 

محەمەد سابیر (22 ساڵ) و کۆچەر لەتیف (20 ساڵ) تەنها چوار مانگ بوو هاوسەرگیرییان کردبوو، ئێوارەى هەینى (20ی تشرینی دووەمی 2020)  بە ئۆتۆمبیلەکەیان کە لەجۆرى ئۆپڵە چەند خولەکێکى کەم لەماڵەکەى خۆیان لە گۆپتەپە دورکەوتبوونەوە کاتێک لەسنورى شاخە شینانى نێوان گۆپتەپە و ئاغجەلەر تووشى ئەو رووداوە جەرگبڕە بوون.

ئەو ئۆتۆمبیلەى لەگەڵ ئۆتۆمبیلەکەى محەمەددا پێکیاندادا، باوک و کوڕێکى تێدا بوو، کە لە ئاغجەلەرەوە بە ئۆتۆمبیلەکە پیکابەکەیان ئاڕاستەى گۆپتەپە دەڕۆیشتن کە بەهۆیەوە باوکەکە گیانى لەدەستدا و کوڕەکەشیان بەسەختى برینداربوو.

 

شڤان گۆپتەپەیی هاوڕێی محەمەد (21ی تشرینی دووەمی 2020) بۆ ناس کوردى گێڕایەوە، لەکاتى پێکدادانەکەدا ئۆتۆمبیلەکەى محەمەد راستەوخۆ گڕى گرتووە و دواى نزیکەى نیو کاتژمێر کوژێنراوەتەوە، بەهۆى بەهێزى ئاگرەکەوە.

 

بەپێی ئەو وێنە و گرتە ڤیدیۆییانەى ناس کورد بینیویەتى، دەردەکەوێت ژمارەیەک کەس و تیمەکانى ئاگر کوژێنەوە سەرقاڵى کوژاندنەوەى ئۆتۆمبیلە گڕگڕتووەکەن کە ئاگر و دوکەڵێکى چڕى لێ بەرزدەبێتەوە.

me_ga.php?id=1616

شڤان وتى "محەمەد و هاوسەرەکەى زۆر لەماڵەکەیان دورنەکەوتبوونەوە کاتێک تووشى ئەو رووداوە بوون و پێکەوە سوتان".

 

محەمەد دەرچوی زانکۆیە و دانەمەزراوە و لە کارگەی ئاسن لە سنوری کانی شەیتان کارى دەکرد، کۆچەریش خەڵکى چەمچەماڵە و دەرچووى پەیمانگاى تەکنیکى سلێمانییە.

 

کۆچەر لە پرۆفایلى خۆى لە فەیسبوک پیتى یەکەمى خۆى و هاوسەرەکەى و بەروارى هاوسەرگیرییەکەى داناوە و نوسیویەتى "نـــایـــدەم بە دونیـــا ئەوەی پـــێداوم خـــودا".

me_ga.php?id=1617

شڤان دەڵێت، باوکى محەمەد ماوەیەکى کەم دواى ساتى روودانى رووداوەکە گەیشتووەتە شوێنەکە، بەڵام نەیزانیوە کە ئەوە ئۆتۆمبیلى کوڕەکەیەتى، تا یەکێک لە کوڕەکانى ئاگاداریکردووەتەوە.

 

بەهۆى ئاگرەکەوە هەردوو تەرمەکە بوون بە قەرەبروت و بە ئاستەم ناسرانەوە، دواى رەوانەکردنى تەرمەکانیان بۆ پزیشکى دادوەرى، تەرمى محەمەد لە زێدى خۆى لە گۆپتەپە و تەرمى کۆچەریش لەچەمچەماڵ بەخاک سپێردرا.

 

هێمن بەهجەت بەڕێوەبەرى ناحیەى ئاغجەلەر بە ناس کوردى راگەیاند، رووداوەکە لە شەقامێکى راستەڕێی تەخت روویداوە و پۆلیس سەرقاڵى لێکۆڵینەوەیە لە رووداوەکە.

 

وتیشى پۆلیس هێڵکارى بۆ رووداوەکە کردووە و هێشتا دەرنەکەوتووە کە کێ خەتابار بووە.