گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سەرکردەیەکی یەکێتی: یەکڕیزی لە لێواری ترازاندایە

2020.11.21 - 10:53
سەرکردەیەکی یەکێتی: یەکڕیزی لە لێواری ترازاندایە

ناس کورد-

ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی دەڵێت، بەشێکی زۆری خەونی شەهیدان بەدی نەهاتوون و یەکڕیزی کوردیش لە لێواری ترازاندایە.

 

 

هەموو ساڵێک لە 21ی تشرینی دووەمدا یەکێتی وەک ڕۆژی شەهیدانی حزبەکەى دیاری کردووە، ئاسۆس عەلی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە فەیسبوکی خۆی بابەتێکی بڵاوکردووەتەوە کە ناس کورد بەدواداچوونی بۆ کردووە دەڵێت، لەم ڕۆژەدا "بەشێكی زۆری هیوا و خەونی شەهیدەكان بەدی نەهاتوون، هەروەك دەستكەوتەكان لەژێر پیلانگێریدان و یەكریزی كوردیش لە لێواری ترازاندایە."

 

دەشڵێت، "لەسەر ئاستی پارچەكانی تری كوردستانیش، گەلەكۆمەكی هاوبەش هەیە بۆ لەباربردن و لەناوبردنی تێكدانی ئەزموونی وەدستهاتوو و بەرەپێشچوونی دۆزی ڕەوای گەلی كورد."

 

 

دەقی پەیامەکە:

لە هەل و مەرجی بلێسەدانەوەی چەخماخەی شۆرش و دروستكردنەوەی هیوای نوێ‌ بۆ شارێگای خەباتی نەپساوەی گەلەكەمان، لەسەردەستی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستاندا، لەو ئانوساتەدا ژمارەیەك قارەمان و سەركردەی یەكێتی، شەهیدان( شیهاب شێخ نوری ، جەعفەر عبدالواحید ، ئەنوەر زۆراب) بە دروشمی (كەم ژیان و كەڵ ژیان) لەزیندان وبەردەم پەتی سێدارە وانەی نەمرییان وتەوە، ئەوان بوونی سیمبولی نەبەردی و بەرخودان و خۆراگری و بەگژداچونەوەی ستەم دژ بە رژێمی فاشیستی بەعس ، ئیتر لەم مێژووەوە پەتی سێدارە و كونجی زیندان و بست بەبستی ئەم خاكە شایەتی دەدەن بۆ گیانی بەرگری و كوردایەتی و سەرقافلەی بزوتنەوەی رزگاریخوازانەی گەلەكەمانبەرابەرایەتی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان .
ئەمرۆ 21ـی نۆڤێمبەر كە یادی شەهیدانی یەكێتیی دەكەینەوە، بەشێكی زۆری هیوا و خەونی شەهیدەكان بەدی نەهاتوون، هەروەك دەستكەوتەكان لەژێر پیلانگێریدان و یەكریزی كوردیش لە لێواری ترازاندایە، لەسەرئاستی پارچەكانی تری كوردستانیش ،گەلەكۆمەكی هاوبەش هەیە بۆ لەباربردن و لەناوبردنی تێكدانی ئەزموونی وەدستهاتوو و بەرەپێشچوونی دۆزی ڕەوای گەلی كورد.
لە ئێستادا باشترین وەڵام بۆ خوێنی شەهیدان، ئاوردانەوەی جدییە لە كەس و كار و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان،هەروەك پاراستنی دەستكەوت و ئەو ئەزموونەیە كە بەخوێنی گەشی ئەوان بەدیهاتووە، كەئەمەش بە یەكریزی و هاودەنگی هێزو لایەنە سیاسیەكانی كوردستان دێتە دی و دەبێتە گرێنتی بە دیهێنانی مافەكانی تری خەڵكی كوردستان و كەس وكاری سەربەرزی شەهیدانە .
یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، كە حزبی شەهید و گیانفیدای قوربانیدانە و خاوەنی زیاتر لە 22 هەزار شەهیدە ،بۆیە بەهێزكردن و پاراستنی ریزەكانی و نوێبونەوە و گەشەپێدانی، فاكتەری زیاتر بەرەوپێشچوونی هەرێمی كوردستان و بەهێزكردنی خەبات دۆزی گەلی كوردە لەهەموو پارچەكان.
لەم رۆژە خەمناكەدا، سەردادەنوێنین بۆ گلكۆی تەواوی شەهیدانی رێگای رزگاری كورد و كوردستان، بۆ رۆحی پاكی مام جلال ، بۆ شەهیدانی سەنگەر، بۆ ئەوانەی گۆڕییان ونە، بۆ شەهیدان قوربانیانی تاوانی ئەنفال و كیمیاباران و جینۆساید ، سڵاویش بۆ كەس و كاری سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان.
ئاسۆس عەلي
ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان