گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پشکی هەرێم لە بودجە

لیژنەى دارایی ڕوونکردنەوە لەسەر پشکی هەرێم لە بودجەدا دەدات

2020.11.21 - 08:48
لیژنەى دارایی ڕوونکردنەوە لەسەر پشکی هەرێم لە بودجەدا دەدات

ناس کورد-

بڕیاردەری لیژنەى دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەپێش پەسەندکردنی یاسای پڕکردنەوەى کورتهێنانی دارایی لیژنەکەى ئاگادارکردووەتەوە کە حکومەت لە مانگی داهاتوودا پڕۆژەیاسای بودجەى ساڵی 2021 دەنێرێتە پەرلەمان و جەخت دەکاتەوە کە ئەگەر ئەوە ڕوو نەدات، ئەوە حکومەت توانای پێدانی موچەی نابێت.

 

بەپێی یاسای ئیدارەدانی دارایی، پێویستە لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەمی (10) حکومەت پڕۆژەیاسای بودجە بنێرێتە پەرلەمان بۆ پەسەندکردنی، ئەحمەد سافار، بڕیاردەری لیژنەى دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە ڕۆژنامەی سەباحی فەرمی وتووە کە "دواخستنی ناردنی پرۆژەیاساکە بۆ ماوەی مانگ و نیوێک دەبێتە هۆی دواکەوتنی موچەی مانگی کانونی دووەمی ساڵی داهاتوو بۆ ماوەى هەفتەیەک بۆ دوو هەفتە."

 

سافار باس لە پشکی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەى ساڵی 2021 کرد و دەڵێت، "پێویستە ڕێککەوتنەکەى هەولێر و بەغدا نوێ بکرێتەوە و دەستکاری بکرێت، چونکە بەشێک لە لایەنە شیعییەکان لەدوای پەسەندکردنی یاسای قەرزەکان ڕا و بۆچوونیان گۆڕیوە."

 

دەشڵێت، پشکی هەرێم لە یاساکە بەپێی ڕێککەوتن و لەسەر بنەمای دەستور و یاسای ئیدارەى وڵات دیاری دەکرێت و جەختی لەوەکردەوە کە لەدوای ناردنی پڕۆژەیاساکەوە بۆ پەرلەمان، "پێویستمان بە 45 ڕۆژ هەیە بۆ وردبینیکردنی."

 

هێمای بۆ ئەوەش کرد کە "حکومەتی هەرێمی کوردستان دوو شاندی باڵا دەنێرێتە بەغدا کە یەکێکیان سیاسییە و ئەوی تریان هونەرییە بە مەبەستی جێگیرکردنی پشکی هەرێم لە پڕۆژەیاسای بودجە، بە شێوەیەک نیگەرانی موچەخۆرانی هەرێم بڕەوێنێتەوە."

 

لەبارەى کاتی سەردانەکەوە، سافار وتی، "بڕیارە بەمزوانە ئەنجام بدرێت، هەروەها شاندەکە تاوتوێی موچە مانگەکانی تشرینی دووەم و کانونی یەکەمی ئەمساڵیش دەکات."

 

ڕۆژی 15ی ئابی ڕابردوو، هەردوو حکومەتى هەرێم و عێراق ڕێککەوتن کە بەغدا مانگانە 320 ملیار دینار ڕەوانەى هەرێم بکات بۆ ماوەی سێ مانگ تا ئەو کاتەى ڕێککەوتنی کۆتایی دەکرێت لەسەر ماف و ئەرکی هەرێم لە پرۆژەیاسای بودجەى سالی داهاتوو کە ئەویش ڕادەستکردنی داهاتە نەوتی و نانەوتییەکانە.