ناس کورد-
پسپۆڕێکى هەناو و سییەکان لەشارى سلێمانى ڕایگەیاند، ئەو دەنگۆیەى کە لەسەر بوونى ڤایرۆسى سارس بڵاوکراوەتەوە دوورە لەڕاستیەوە و لەبنەمادا سارس ڤایرۆس نیە بەڵکو کۆمەڵێک نیشانەیە بۆ بوونى نەخۆشیى.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لەگرتەیەکى ڤیدیۆیدا کە لەهەژمارەکەى خۆى لە فەیسبوک بڵاوى کردووەتەوە و "ناس کورد" بینوویەتى، دکتۆر کامەران قەرەداغى پسپۆڕى هەناوى و سییەکان (20ى تشرینى دووەمى 2020) ڕایگەیاند، ئەو دەنگۆیەى لەبارەى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى سارس لەکوردستاندا بڵاوکراوەتەوە، دوورە لە ڕاستییەوە و هیچ شتێک لەو بارەیەوە لەکوردستاندا لەئارادا نیە.
ئاماژەى بۆ ئەوەش کرد، هیچ تاقیگەیەک نیە لەجیهاندا تاوەکو ئێستا ناتوانێت ژیناتى ڤایرۆسێک یاخود شتێکى نوێ لەسەر سارس و کۆڤید ئاشکرا بکات ئەگەر تاوەکو هەمو ژیناتەکانى ئەو ڤایرۆسە لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى شی نەکرێتەوە.
ئەو پسپۆڕە باسى لەوەش کردووە، سارس دیاردەى نەخۆشییە و ڤایرۆس نیە چونکە بەشێوەى کۆمەڵێک نیشانەى جیاواز جیاواز بەدەردەکەوێت و پێیدەوترێت سندرۆم.
جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە، سارسى یەک بوونى نەماوە و هەر کەسێک بانگەشەى ئەوە بکات ئەوا دوورە لەواقعیى زانستیەوە و ئەوەى کە ڕوویداوە پەیوەندى بەجۆرەکانى ئەنلفۆنزاى وەرزییەوە هەبووە.
ئەوەش دواى بڵاوبونەوەى چەند دەنگۆیەکەوە هات، کەباسى لە بوونى جۆرێک لەڤایرۆسى سارس لەتاقیگەیەکى شارى سلێمانیدا دەکرد.