ناس کورد-
خەبات عارف، نوسەر و توێژەر لە میانەى بڵاوکردنەوەى بابەتێک لە یادى شەهیدانى یەکێتیدا دوو دۆکیۆمێنتى بڵاوکردەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
خەبات عارف، نوسەر و توێژەر لەمیانەى بڵاوکردنەوەى بابەتێک لە هەژمارى خۆى لە فەیسبوک کە "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە، دوو دۆکیۆمێنت بڵاودەکاتەوە کە تایبەتن بە یادى شەهیدانى یەکێتى و بەسەرهاتى گولەبارانکردنى پۆلێک لە خوێندکارى سلێمانى لەبەردەم ئامادەیى ڕۆشنبیرى سلێمانى و جێبەجێکردنی بڕیاری لەسێدارەدان بۆ ئەوانەی تەمەنیان خوار هەژدە ساڵ بووە و گەورەکردنى تەمەنى گیراوەکان لەلایەن داودەزگە ئەمنییەکانی بەعس لە سلێمانی، دەگێڕێتەوە.
دەقى بابەتەکە:
دوو دۆکیومێنت و دنیایەک پرسیار!
(بێگومان لە یادی شەهیدانی یەکێتیدا)
دۆکیومێنتی یەکەم: پاش ئەوەی لیژنەی ئەمنیی بەعس لە سلێمانی بە سەرۆکایەتی پارێزگاری پێشووتری سلێمانی جەعفەر عەبدولکەریم بەرزنجی، بڕیاری گوللەبارانکردنی ئارام حەمە کەریم، سەردار عوسمان و هیوا فایەق لە ڕۆژی ١٩٨٥/١٢/١٧ لەبەردەم ئامادەیی ڕۆشنبیری سلێمانی و بەبەرچاوی خەڵکەوە دەدات و لاشەکانیان لەڕێی شارەوانییەوە و دوور لە چاوی کەسوکارەکانیان هەر یەکەیان لە گۆڕستانێک گۆڕغەریب دەکات، هەمان لیژنەی ئەمنی خانووەکانیان دەڕوخێنن و خێزانەکانیان دەستبەسەر دەکەن. پاشان لەڕێی لیژنەیەکی عەقاراتی دەولە لە سلێمانی، بڕیاری بەتاڵانبردنی ماڵەکانیان و فرۆشتنی کەلوپەلەکانیان لە زیادکردنێکی ئاشکرادا، دەدەن. زۆربەی ئەندامانی لیژنەکان بەداخەوە کورد بوون، (بڕوانە دۆکیومێنتی ژمارە ١: نموونەیەک لە فەرمانی لیژنەی بەتاڵانبردن).
دۆکیومێنتی دووەم: بەمەبەستی جێبەجێکردنی بڕیاری لەسێدارەدان بۆ ئەوانەی تەمەنیان خوار هەژدە ساڵ بووە، داودەزگە ئەمنییەکانی بەعس لە سلێمانی بەناوی ڕاستکردنەوەی تەمەن، پەنایان بردۆتە بەر گەورەکردنی تەمەنی گیراوەکان. زۆربەی ئەندامانی ئەم لیژنانە بەداخەوە کورد بوون. (بڕاونە دۆکیومێنتی ژمارە ٢).
دەربارەی دۆکیومێنتی یەکەم: پاش ڕوخانی فاشیزمی بەعسی و هەڵاتنی پارێزگاری پێشووتری سلێمانی (ئەم جارەیان) لە بەغداوە بۆ سلێمانی، کەسوکاری شەهیدانی ئامادەیی ڕۆشنبیری سلێمانی لەڕێی دادگاوە سکاڵایان لەسەر ناوبراو تۆمارکرد. بەڵام لەبەرئەوەی بەقسەی کەسوکاری شەهیدەکان ناوبراو لە ماڵی یەکێک لە بەرپرسە دەستڕۆیشتووەکانی یەکێتی داڵدە درابوو، دادوەرە بەڕێزەکە دەستبەرداری بەدواداچوونی کەیسەکە بوو، دواتریش پارێزگاری تاوانبار دەرباز کرا و بەرەو دەرەوەی عێراق بۆ دواجار هەڵات. (بڕوانە سکاڵای کەسوکاری شەهیدانی ئامادەیی ڕۆشنبیری سلێمانی).
دەربارەی دۆکیومێنتی دووەم: دایکی یەکێک لەو شەهیدانەی کە تەمەنی کوڕەکەی بەمەبەستی لەسێدارەدان گەورە کراوە، سکاڵای لەو دکتۆرە کوردانە کردووە کە لیژنە بوون و تەمەنی کوڕەکەیان ساڵێک بۆ گەورە کردووە. هەروەها سکاڵاشی لەو لیژنەیە کردووە کە پاش ئەو کارەساتەی بەسەریدا هاتووە و جگەرگۆشەکەی شەهید کراوە، خانووەکەشیان لێ ڕوخاندوون و ماڵەکەیان بەتاڵان بردوون. (بڕوانە سکاڵای دایکی شەهیدەکە).
بۆ زانین: بەشێک لە ناوی ئەو کەسانەی لیژنە بوون و ناویان لەسەر دۆکیومێنتەکان هاتوون، سڕیومەتەوە. ئەوانە حاڵی حازر بەشێکیان پۆستیان هەیە، بەشێکیان پارە، یاخود هەردووکیان پێکەوە.