گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ژمارەیەکى زۆرى فەرمانبەرى هەیە

پەیمانگایەکى ئەمەریکى باس لە موچەخۆرى بندیوار لە هەرێم دەکات 

2020.11.20 - 18:37
پەیمانگایەکى ئەمەریکى باس لە موچەخۆرى بندیوار لە هەرێم دەکات 

ناس کورد- 

پەیمانگاى واشنتۆن بۆ توێژینەوە، هۆشدارى ئەوە دەداتە حکومەتى هەرێم ئەگەر بێتو چاکسازى ئابوورى ئەنجام نەدەن و هەژمونى بنەماڵەى بارزانیش بەسەر دەسەڵاتەوە کەم نەکرێتەوە و لامەرکەزیەت لەبڕیارداندا نەچەسپێت ئەوا یەکڕێزى لەهەرێم دەکەوێتە بەر مەترسى و کێشەکانى لەگەڵ بەغداشدا بەردەوام دەبێت.

 

پەیمانگاى واشنتۆن بۆ توێژینەوە (20ى تشرینى دووەمى 2020) ڕاپۆرتێکى لەسەر کێشە هەڵواسراوەکانى نێوان هەرێم و بەغدا لەدواى تێپەڕاندنى یاساى قەرز بڵاوکردووەتەوە کە لەلایەن مایکڵ نایتس توێژەرى پەیمانگاکە ئامادە کراوە و "ناس کورد" بەدواداچوونى بۆ کردووە ئاماژە بۆ ئەوە کراوە، هەنگاوەکانى ئەمدواییەى نێوان هەرێم و فیدراڵ کتوپڕ نەبوو بەڵکو بەهۆى پەڕەسەندنى ئاڵۆزییەکانى  نێوان حکومەتى هەرێم و لایەنە سیاسیەکانى عێراق بوو و بەشێوەیەکى ڕێکخراو ڕوویدا.

ئەو توێژەرە بەپێویستیشى دەزانێت، هەرێمى کوردستان کۆمەڵێک چاکسازى ئەنجام بدات لەوانە چارەسەرکردنى کێشەى موچەخۆرى بندیوار و هەروەها کەمکردنەوەى خەرجییەکان.

 

نایتس دەشڵێت، ئەگەرى ڕۆڵى ئێرانیش لە خوڵقاندنى هەر قەیرانێکى نوێدا لەنێوان هەولێر و بەغدا هەیە و بەپێویستیشى دەزانێت ئەمەریکا هەوڵبدات هەژموونى بنەماڵەى بارزانى بەسەر دەسەڵاتەوە کەمبکاتەوە و بۆ ئەوەى دۆخێک بۆ لامەرکەزیت لەبڕیارداندا لەهەرێم بخوڵقێت و تەنها ئەو بنەماڵەیە بڕیار نەدەن بەڵکو دەرفەت بەبەشدارى لایەنەکاتى تر لەسەرووى هەمویانەوە یەکێتى نیشتیمانى لەبڕیارداندا بدرێت.

 

ئەو توێژەرە ئەمەریکیە باسى لەوەش کردووە، بەراورد بە شوێنەکانى ترى عێراق حکومەتى هەرێم ژمارەیەکى زۆرى فەرمانبەرانى هەیە بۆیە دەبێت هەرێم ناچار بەچاکسازى ئابوورى بکرێت.

 

نایتس جەخت لەسەر ئەنجامدانى چاکسازى لەلایەن حکومەتى هەرێمەوە دەکاتەوە و دەشڵێت دەبێت بەرپرسانى ئەمەریکاش حکومەتى فیدراڵ لەوە تێبگەیەنن کە هەرێم پێویستى بەکاتى زیاتر هەیە بۆ ئەنجامدانى گۆڕانکارى و دەشبێت چاکسازییەکان لەچوارچێوەى بودجەى ساڵى 2021ى عێراقدا شوێنبگرنەوە.

 

توێژەرە ئەمەریکیەکە جەختى لەسەر ئەوەش کردووەتەوە، بۆ پاراستنى یەکڕیزى لەهەرێم دەبێت ئەمەریکا هانى بنەماڵەى بارزانى بدات بۆ ئەوەى دەستهەڵبگرن لە تاکڕەوى بڕیاردان و لامەرکەزیەت لەبڕیاردا بچەسێپێنن.