ناس کورد- هەڤاڵ غالب
کەمێک لەمەوبەر لەسەر ڕێگای ئاغجەلەر - گۆپتەپە بەهۆی پێکدادانی دوو ئۆتۆمبیل سێ کەس گیانیان لەدەستدا کە دوو کەسیان لە ئۆتۆمبیلەکەدا سوتاون .
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
هێمن بەهجەت، بەڕێوەبەری ناحیەی ئاغجەلەر (20ى تشرینى دووەمى 2020) بە "ناس کورد"ی ڕاگەیاند :"لە نێوان ناحیەی ئاغجەلەر و گوندی گۆپتەپە نزیک گوندی عەسکەر دوو ئۆتۆمبیل لە جۆرەکانی (نیسان پیکاب تاک و ئۆپڵ) پێکیاندا داوە و بەهۆیەوە سەرنشینانی ئۆتۆمبیلی ئۆپڵ کە ژن و پیاوێک بوون سوتاون و لە ئۆتۆمبێلی بەرامبەریشدا کەسێک گیانی لەدەستداوە و کەسێکی تر بریندارە".
وتیشی "سەرنشینانی ئۆتۆمبیلە نیسانەکە ڕەوانەی نەخۆشخانەی چەمچەماڵ کراون، بەڵام بەهۆی گڕگرتن و سوتانی سەرنشینانی ئۆپڵەکەوە ئێستا سەقاڵی بڕینەوەی ئۆتۆمبیلەکەین بۆ ئەوەی تەرمەکانیان دەربهێنین ".
بەوتەی بەڕێوەبەری ناحیەی ئاغجەلەر هۆکاری ڕوداوەکە نەزانراوە و تیمەکان سەرقاڵی دەرهێنانی تەرمەکانن .
بەپێی زانیارییەکانی ناس سەرنشینانی ئۆتۆمبیلە نیسانەکە دانیشتوی ناحیەی سێ گرتکانن، بەڵام بەهۆی سوتانی تەرمی سەرنشینانی ئۆپڵەکەوە ناسنامەیان نادیارە .
ڕێگای گۆپتەپە ئاغجەلەر ڕێگایەکی یەک سەیدە و زۆربەی جار ئەو ڕووداوانەی تیایدا ڕودەدەن زیانی گیانی لێدەکەوێتەوە .