ناس کورد-
مەکتەبى سیاسى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان راگەیەندراوێکى بەبۆنەى ڕۆژى شەهیدى یەکێتى بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژە بەوە کراوە "لەخۆڕا نییە کۆمەڵانی خەڵک ناوی حزبی شەھیدانیان لە یەکێتییەکەی مام ناوە."
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە راگەیەندراوەکەى مەکتەبى سیاسى یەکێتیدا کە وێنەیەکى دەست "ناس کورد" کەوتووە (20ى تشرینى دووەمى 2020) ئاماژە بەوە کراوە، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەبۆنەی رۆژی شەهیدی شەهیدی یەکێتی بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتوە،" لەشۆری نوێدا یەکێتی نەك هیوا و ئومێدی بەخشیەوە بە گەلەكەمان، بەڵکو لەشێوازی تێکۆشاندا رەچەشکێنی کرد، لە خانەی زێرینی شەھادەتیشدا داھێنانی مەزنی کرد بەجۆرێ کە لەخۆڕا نییە کۆمەڵانی خەڵک ناوی حزبی شەھیدانیان لە یەکێتییەکەی مام ناوە."
ئاماژە بەوەش کراوە، كاروانی شەهیدانی یەكێتی بێكۆتایین و كە ئاور لە ڕابردوو دەدەینەوە وێنە و سەرەوەری و قارەمانێتی زیاتر لە بیست هەزار شەهید دەبینین.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، شەهیدەكانمان بۆ كۆمەڵێك ئامانجی پیرۆز گیانی خۆیان بەختكرد، كە بەشێك لەو ئامانجانە بەدیهاتوونو زۆریشی هێشتا ماون و پێویستیان بە خەبات و قوربانیانی زیاتر هەیە بۆ بەدیهاتنیان.، بۆیە بە پێویستی دەزانین وەبیر هەموولایەكی بهێنینەوە، بەتایبەتی دامەزراوە رەسمییەکان لە پەرلەمانو حكومەتی هەرێمی كوردستان كە هەموومان قەرزارباری لەدەستدانی ژیانی هاوڕێو هاوسەنگەرە شەهیدەكانمانین، خێزانو كەسوكارە سەربەرزەكانیان ئەمانەتن لە ئەستۆی هەموومان کە دەبێت هەنگاوی كردەیی زیاتر و زیاتر بنرێت بۆ دابینكردنی ژیانێكی سەربەرزو شەرفمەندانە بۆیان و درێخی نەكرێ لە خزمەتكردنیان.
جەختیش کراوەتەوە، یەکێتی وەك هێزێكی نیشتمانی دەربەست و بەرپرسیار ، وەک یەکێتی ڕاپەراندنی ئەركە سەختەكان ، یەکێتی بیست هەزار شەهید و هەزاران قارەمان و تێكۆشەری تری كاروانی خەبات، بۆ بەدیهێنانی ئامانجە پیرۆزەكان و مافە نەتەوەیی و دیموكراسیەكانی گەلی كوردستان، بێپەروا لە هەموو مەیدانەكانی خەباتدا بەردەوام دەبێت.