گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕوونکردنەوەیەکی بەپەلە

وەزارەتی تەندروستی: هیچ بەڵگەیەکی پەسەندکراو بۆ بوونی ڤایرۆسی سارس نییە

2020.11.20 - 15:13
وەزارەتی تەندروستی: هیچ بەڵگەیەکی پەسەندکراو بۆ بوونی ڤایرۆسی سارس نییە

ناس کورد-

وەزارەتی تەندروستیی هەرێم دەربارەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی سارس لە شاری سلێمانی هاتەدەنگ و ڕایگەیاند، هیچ بەڵگەیەکی پەسەندکراو بۆ بوونی ئەو ڤایرۆسە بوونی نییە و لێکۆڵینوەی ورد لەوبارەیەوە دەکەن، داواش لە میدیاکان دەکات، هاووڵاتیان نەترسێنن و هەواڵی بێ سەرچاوە بڵاونەکەنەوە.

 

لەڕاگەیەندراوێکدا د، ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێم ڕایگەیاند: "لە چەند دەزگایەکی ڕاگەیاندن هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە گوایە جۆرێکی ڤایرۆسی سارس SARS لە نەخۆشخانەی ئاسا لە شاری سلێمانی دەستنیشانکراوە."

 

ئاماژەی بەوەشكڕدووە: "بە پێویستی دەزانین بۆ بەرچاوی هاووڵاتیان ڕونبکەینەوە تا ئێستا هیچ سەرچاوەیەک و بەڵگەیەکی پەسندکراو نیە بۆ بوونی ئەم ڤایرۆسە، چونکە پڕۆسەی پشکنینی تاقیگە بۆ چەندین جۆری ڤایرۆس ئەنجام دەدرێت و چەندین جۆری ڤایرۆسی سارس هەیە کە لەگەڵ جۆرەکانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا و ڤایرۆسەکانی ئەنفلەوەنزا لە هەمان خێزان ئەژمار دەکرێت."

 

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێم جەختیشیکردووەتەوە: "هاوڵاتیان دڵنیا دەکەینەوە کە پێویست بە شڵەژان ناکات و تیمی پسپۆڕی وەزارەتمان لەگەڵ تیمەکانی تەندروستی، بەدواداچوونی زیاتر بۆ لێکۆڵینەوە لەم گومانە دەکات و تەنها وەزارەتی تەندروستی تاکە سەرچاوەی فەرمی ڕاگەیاندن دەبێت کە بە داخەوە هەندێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن بەبێ گەڕانەوە بۆ سەرچاوەی فەرمی دەبنە هۆکاری پشێووی هاوڵاتیان."

 

پێشتریش شەماڵ جەبار یاوەر، بەڕێوەبەری دەزگای تەنروستیی پێشمەرگە بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "داوا لە میدیاکان دەکەم خەڵک نەترسێنن و بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن، ئەوە بۆچوونی پزیشکێکی تاقیگەی نەخۆشخانەی ئاسا بووە و هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە."  

  

ڕوونیشیکردەوە: " ئەو بۆچوونەش لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە هەندێک نەخۆش هەن نیشانەکانی کۆرۆنایان هەیە، بەڵام پشکنینەکانیان نێگەتیڤ دەردەچێت، بۆیە لەوەدا گومانێک هەیە کە ئەو کەسانە توشی ڤایرۆسی سارس بووبن، بەڵام ئەوە تائێستا گومانە و یەکلایی نەبووەتەوە."  

  

بەڕێوەبەری دەزگای تەندروستیی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەشكرد: "لەگەڵ وەزیری تەندروستی قسەم کردووە و ئەو خۆی سەرپەرشتی ئەو پرسە دەکات و لەئێستادا سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیەن لەوبارەیەوە."   

  

شەماڵ جەبار یاوەر جەختیشیکردەوە: "داوا لە هاووڵاتیان دەکەم بەهیچ شێوەیەک نەترسن و ڤایرۆسی سارس-یش هەروەک کۆرۆنایە، تەنها خۆیان بپارێزن و پابەندی ڕێنماییەکان بن."