گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڤاکسینەکەی ئۆکسفۆرد

’’ڤاکسینەکەی ئۆکسفۆرد ئەنجامی دڵخۆشکەری لەسەر توشبووانی بەساڵاچوو هەیە’’

2020.11.20 - 15:07
’’ڤاکسینەکەی ئۆکسفۆرد ئەنجامی دڵخۆشکەری لەسەر توشبووانی بەساڵاچوو هەیە’’

ناس کورد-

گۆڤاری"لانست"ی پزیشکی بڵاویکردەوە، تاقیکردنەوە تەختییەکانی ڤاکسینەکەی کۆمپانیای"ئەسترازینکیا" و زانکۆی ئۆکسفۆرد، دەریانخستووە ڤاکسینەکەیان کاریگەری تەواو و ئەرێنی لەسەر کەسانی بەتەمەن هەیە.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی گۆڤارە پزیشکییەکە کە " ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە ( 20ی تشرینی دووەمی 2020)  ئاماژە بەوەکراوە،  لە قۆناغێکی دیکەی تاقیکردنەوەکاندا دەرکەوتووە کە ڤاکسینەکەمان لەسەر ئەو کەسانەی کە تەمەنیان لە نێوان 60 بۆ 70 ساڵدایە کاریگەری ئەرێنی نیشانداوە.

 

 ئەوەشخراوەتەڕوو: " تاقیکردنەوە تەختییەکان لەسەر 560 کەسی بەتەمەن ئەنجامدراوە و دەرکەوتووە کە بەرگریی لەشی بەشداربووان بەرامبەر ڤایرۆسەکە بەهێزبووە و توانیویەتی پارێزگاریان لێبکات".

 

لای خۆشییەوە ئەندرۆ پۆلار، سەرپەرشتیاری توێژنەوەکانی ڤاکسینەکەی کۆمپانیای "ئەسترازینکیا" و زانکۆی ئۆکسفۆرد لەوبارەیەوە بە ڕۆژنامەنووسانی وتووە: " ئەنجامەکانی مایەی دڵخۆشکردنە، چونکە ڤاکسینەکە کاریگەری باشی هەبووە لەسەر سیستمی بەرگریی لەشی  کەسانی بەتەمەن، چونکە ئەوان سیستمی بەرگریی لەشیان بەراورد بە کەسانی دیکە لاوازە".

 

ڤاکسینەکەی زانکۆی ئۆکسفۆردی بەریتانی قۆناغێکی دیکەی تاقیکردنەوەی ماوە و چاوەڕێ دەکرێت وەک قۆناغەکانی پێشوو ڤاکسینەکە مرۆڤ بەرامبەر ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بپارێزێت.

 

لە ئێستادا ڕوسیا و ئەمریکا بە هاوبەشی لەگەڵ ئەڵماینا و بەریتانیا پێشەنگن لەدۆزینەوەی ڤاکسین دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، ڕوسیا ڤاکسینێکی بەناوی سپۆتنیک دروستکردووە، بەڵام بەهۆی ئاشکرانەکردنی شێوازی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکان بووەتە مایەی گومان لەلای وڵاتانی جیهان.

 

ئەمە لە کالتێکدایە کە ئەمریکا و هەریەکە لە کۆمپانیاکانی فایزەر، بیۆنتیک و مۆدێرنا سەرکەوتنی ڤاکسینەکەیان ڕاگەیاندووە.