گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڤایرۆسی سارس لە سلێمانی

بەڕێوەبەری دەزگای تەندروستیی پێشمەرگە: هەبوونی حاڵەتی ڤایرۆسی سارس تەنها گومانە

2020.11.20 - 14:44
بەڕێوەبەری دەزگای تەندروستیی پێشمەرگە: هەبوونی حاڵەتی ڤایرۆسی سارس تەنها گومانە

ناس کورد-

بەڕێوەبەری دەزگای تەندروستیی پێشمەرگە لەبارەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی سارس لە سلێمانی ڕایگەیاند، هێشتا ئەوە یەکلانەبووەتەوە و تەنها بۆچوونی پزیشکێکی تاقیگەی نەخۆشخانەی ئاسایە، داواشدەکات هاووڵاتیان نەترسن و ئەگەر ڤایرۆسی سارس-یش بێت هەروەک کۆرۆنا وایە.

 

ئەمڕۆ هەینی لە بەشێک لە ماڵپەڕەکانی هەواڵ، ڕاگەیەندراوێک بەناوی دەزگای تەندروستیی پێشمەرگەوە بڵاوبووەوە و تیایدا هاتبوو: "لە تاقیگەکانی نەخۆشخانەی ئاسا، جگە لە کۆرۆنا حاڵەتی ڤایرۆسی سارسیش تۆمارکراوە و ڤایرۆسەکە بڵاوبووەتەوە."

 

لەوبارەیەوە شەماڵ جەبار یاوەر، بەڕێوەبەری دەزگای تەنروستیی پێشمەرگە بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "داوا لە میدیاکان دەکەم خەڵک نەترسێنن و بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن، ئەوە بۆچوونی پزیشکێکی تاقیگەی نەخۆشخانەی ئاسا بووە و هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە."

 

ڕوونیشیکردەوە: " ئەو بۆچوونەش لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە هەندێک نەخۆش هەن نیشانەکانی کۆرۆنایان هەیە، بەڵام پشکنینەکانیان نێگەتیڤ دەردەچێت، بۆیە لەوەدا گومانێک هەیە کە ئەو کەسانە توشی ڤایرۆسی سارس بووبن، بەڵام ئەوە تائێستا گومانە و یەکلایی نەبووەتەوە."

 

بەڕێوەبەری دەزگای تەندروستیی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەشكرد: "لەگەڵ وەزیری تەندروستی قسەم کردووە و ئەو خۆی سەرپەرشتی ئەو پرسە دەکات و لەئێستادا سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیەن لەوبارەیەوە." 

 

شەماڵ جەبار یاوەر جەختیشیکردەوە: "داوا لە هاووڵاتیان دەکەم بەهیچ شێوەیەک نەترسن و ڤایرۆسی سارس-یش هەروەک کۆرۆنایە، تەنها خۆیان بپارێزن و پابەندی ڕێنماییەکان بن."