گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پۆلیسی فیدڕاڵی گەیشتنە شنگال

سێ لیوای پۆلیسی فیدڕاڵی گەیشتنە شنگال

2020.11.20 - 14:35
سێ لیوای پۆلیسی فیدڕاڵی گەیشتنە شنگال

ناس کورد-

سێ لێوای پۆلیسی فیدراڵیی عێراق گەیشتنە قەزای شنگال و دەوروبەری و لە سنورەکە جێگیرکران، ئەوەش لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال لە نێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستاندا.

 

بەگوێرەی هەواڵێکی" شەفەق نیوز" کە ( 20ی تشرینی دووەمی 2020) بڵاوکراوەتەوە و "ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە، ئاماژە بەوەکراوە، سەرچاوەیەکی ئەمنی لە قەزای شنگال رایگەیاندووە: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی سێ لیوای پۆلیسی فیدراڵیی عێراق گەیشتوونەتە سنوری قەزای شنگال و لە سنوری قەزاکە بڵاوەیان پێکراوە." 

 

ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەو هێزانەی  کە لەئێستادا لەقەزاکە و دەوروبەری جێگیرکراون، پۆلیسی فیدراڵین و لە سێ لیوا پێکهاتوون، هەر لیوایەک لە دوو هەزار 500 پۆلیس پێکدێت، لە ناوچەکانی خانەسۆر، حەیالێ و جیدالێ و بەشێکی دیکەشیان لە سەنتەری قەزای شنگال.

 

رۆژی 10ی تشرینی یەکەمی 2020، حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەقی رێککەوتنەکەی نێوانیان لەبارەی شنگال بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، حکومەتی فیدراڵی ئیدارەی پرسی ئەمنی شارەکە دەکات و دەبێت کۆتایی بە بوونی پەکەکە و هەموو ئەو گرووپانە بێت کە پەیوەندییان پێوەیەتی.

 

رۆژی سێشەممە 17ی تشرینی دووەمی 2020، شاندێکی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی قاسم ئەعرەجی، راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق گەیشتتە هەولێر و بۆ دیاریکردنی رێکارەکانی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال، لەگەڵ رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

 

 ساڵی 2014 بەهۆی هێرشی داعش، زیاتر لە 260 هەزار کەس لە خەڵکی شنگال ئاوارەبوون، بەشی هەرە زۆریان لەنێو کەمپەکانی سنووری پارێزگای دهۆک نیشتەجێکراون.