گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەمەریکا لە عێراق دەمێنێتەوە

لێدوانێکی نوێ لە بەرپرسێکی ئەمریکاوە لەبارەی مانەوەی هێزەکانیان لە عێراق

2020.11.20 - 09:55
لێدوانێکی نوێ لە بەرپرسێکی ئەمریکاوە لەبارەی مانەوەی هێزەکانیان لە عێراق

ناس کورد-

فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمەریکا ڕایگەیاند، حکومەتی عێراق داوای لێکردوون لە وڵاتەکەیان بمێننەوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، داعش هێشتا هەڕەشەیە بۆ سەر ناوچەکە و نزیکەی 10 ھەزار چەکدار و شانەی نوستووی لەعێراق و سوریادا ھەیە.

 

کێنیت مەکێنزی، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمەریکا لە کۆنفرانسێکدا کە لەڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانس ئەنجامدراوە و "ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە ( 20ی تشرینی دووەمی 2020) ڕایگەیاند: "بەهۆی توانا و بەرزبوونەوەی ئاستی هێزە ئەمنییەکانی عێراق بڕیارماندا هێزەکانمان لەو وڵاتە کەمبکەینەوە بۆ دوو ھەزار و 500 سەرباز".

 

ئاماژەی بەوەشکردووە: "بەردەوامی و مانەوەی سوپای ئەمەریکاش لە عێراق ھۆکار بووە بۆ کەمکردنەوەی چالاکییەکانی ئێران و داعش لەو وڵاتە".

 

ئەو فەرماندە ئەمەریکییە ئەوەش ئاشكراکردووە: "حکومەتی عێراق بەروونی پێیوتووین کە دەیەوێت ئەمەریکا و وڵاتانی ھاوپەیمان لە وڵاتەکەیاندا بمێننەوە".

 

بەوتەی مەکێنزی: "ھێشتا داعش زیاتر لە 10 ھەزار چەکدار و شانەی رێکخستنی لە عێراق و سوریا ھەیە و مەترسی سەرھەڵدانەوەی ھەیە".

 

جەختیلەوەشکردووەتەوە: " بوونی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق لە ماوەی ڕابردوودا بووەتە هۆکاری ڕێگرتن لە زیادبوونی هەژموونی ئێران و بڕیکارەکانی لە ناوچەکەدا".

 

ئەوەش لەکاتێکدایە لەماوەی ڕابردوودا و لەدوای کوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس لە بەغدای پایتەختی عێراق، پەیوەندییەکانی شیعەکانی عێراق و ئەمریکا گرژی تێکەوت و لەوکاتەوە داوای چوونەدەرەوەی ئەمریکا لە عێراق دەکرێت.