گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هۆکارەکەى بزانە

کۆتاییهاتنی ئاگربەستی گروپە چەکدارەکانی عێراق و ئەمریکا ڕاگەیەنرا

2020.11.19 - 21:34
کۆتاییهاتنی ئاگربەستی گروپە چەکدارەکانی عێراق و ئەمریکا ڕاگەیەنرا

ناس کورد-

قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق کۆتاییهاتنی ئاگربەستی چەند مانگەی گروپە چەکدارییە شیعییەکانی لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا ڕاگەیاند "بەهۆی جێبەجێنەکردنی بەندەکانییەوە."  

 

قەیس خەزعەلی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فەرمی عێراقییە کە ناس کورد تەماشای کردووە (19ی تشرینی دووەمی 2020) دەڵێت، نەتەوە یەکگرتووەکان هیچ ڕۆڵێکی نەبووە لە ئاگربەستەکەدا و لەئێستادا بەهۆی جێبەجێنەکردنی بەڵێنەکان، ئاگربەستەکە هەڵوەشاوەتەوە.

 

کۆتایی مانگی ئەیلولی ڕابردوو و دوای زیادبوونی هێرشی گروپە چەکدارییە شیعییەکان بۆسەر هێز و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، واشنتۆن هەڕەشەی داخستنی باڵێۆزخانەکەى لە بەغدا کرد، پاشان چەند سەرچاوەیەک باسیان لە ئاگربەستی هەردوولا کرد.

 

زیاتر بخوێنەوە: لێدوانی حکومەتى عێراق لەبارەى داخستنی باڵیۆزخانەکان لە بەغدا

 

هێماى بۆ ئەوەشکردوە، بە کۆتایى هاتنى هەڵبژاردنەکانى ئەمریکا ئاگربەستیش کۆتایى هات، چاوەڕێ دەکەین بزانین بە دۆڕانى ترامپ بارودۆخەکە بەرەو کوێ دەڕوات، دوو مەرج هەبوون بۆ ئاگربەست بەڵام جێبەجێ نەکران، یەکەم کۆنترۆڵکردنى ئاسمانى عێراق لەلایەن خۆیەوە و خشتەى کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا.

خەزعەلى پێشى وایە، هەڕەشەکانى ئەمریکا بۆ داخستنى باڵیۆزخانەکەى تەنها شەڕێکى دەرونى بوو، جەختیشی کردەوە کە ئەو لەگەڵ بژاردەى دبلۆماسیدایە و لەگەڵ بەئامانجگرتنى باڵیۆزخانەى ئەمریکا نییە لە ئێستادا، لەناو گروپە چەکداریەکانیش جیاوازى بیروڕا هەیە لەو بارەیەوە.


ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق دەشڵێت، هەڕەشەى داهاتووى تورکیا گەورەتر و مەترسیدارتر و توندتر دەبێت لە هەڕەشەى ئەمریکا.