گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بۆ دەرکردنی پەکەکە

نەتەوە یەکگرتووەکان داوایەک لە هەرێم و بەغدا دەکات

2020.11.19 - 19:54
نەتەوە یەکگرتووەکان داوایەک لە هەرێم و بەغدا دەکات

ناس کورد-

جێنین ھێنیس پلاسخارت، نوێنەرى تایبەتى سکرێترى گشتیى نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق رایگەیاند، حکومەتی فیدڕاڵی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندبوونی خۆیان بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگال دووپات کردووەتەوە و جەختی لەوەشکردەوە کە پێویستە ئیدارەی داهاتووی شنگال لەدەست خەڵکی شارەکەدا بێت نەک خەڵکی بێگانە.

 

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19ی تشرینی دووەمی 2020، جێنین ھێنیس پلاسخارت لە شاری موسڵ ناوەندی پارێزگای نەینەوا لەگەڵ ژمارەیەک لە نوێنەرانی خەڵکی شنگال کۆبووەوە.

 

بەپێی ڕاگەیەنراوی فەرمی نێردەکە کە دەستی ناس کورد کەوتووە، "لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاساییکردنەوەی رەوشی شنگال و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان کرا."


دوای کۆبوونەوەکە، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەش بۆ هەریەک لە پارێزگای نەینەوا، نەجم جبوری و نوێنەرى تایبەتى سکرێترى گشتیى نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، جێنین ھێنیس پلاسخارت رێکخرا.

 

پلاسخارت لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا باسی لە رۆڵی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال کرد و وتی، "نەتەوەیەکگرتووەکان کار بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیری دەکات و شنگال پێویستی بە سەقامگیری هەیە".

 

ئەوە لەکاتێکدایە رۆژی سێشه‌ممەی رابردوو‌، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەیتی وه‌زیری ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د و شاندی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، قاسم ئه‌عره‌جی و، بە ئامادەبوونی نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق، جێنین هێنیس پلاسخارت لە شاری هەولێر كۆبوونه‌وه‌.

 

لەبارەی ناوەڕۆکی ئەو کۆبوونەوەیە، پلاسخارت وتی: "داوام لە هەولێر و بەغدا کردووە پەلە بکەن لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە و هەردوولا پابەندبوونیان بە رێککەتنەکە دووپات کردووەتەوە".

me_ga.php?id=1589

نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق وتیشی، "سەقامگیری و گەڕانەوەی فەرمانگە حکوومییەکان گرنگترین خاڵی رێککەوتنەکەیە و لە چەند رۆژی داهاتوودا هەنگاوی کرداری و گۆڕانکاری دەبینن".

 

پلاسخارت راشیگەیاند، ئامانجی سەرەکییان گەڕانەوەی ئاوارەکانە بۆسەر زێدی خۆیان.



پلاسخارت لەبارەی داهاتووی ئیدارەی شنگال گوتی: "پێویستە ئیدارەی شنگال لەدەست خەڵکی شارەکەدا بێت نەک خەڵکی بێگانە".

 

- رێكکەوتنی شنگال

رۆژی 9ی تشرینی یەکەم، ھەولێر و بەغدا لەسەر دروستکردنی ئیدارەیەکی نوێ بۆ شنگال رێککەوتن.

 

بەپێی رێککەوتنەکە، ئیدارەیەکی ھاوبەش لەنێوان حکوومەتی فیدڕاڵی و حکوومەتی ھەرێم لە شنگال دروست دەکرێت و دۆسیەی ئەمنی شارەکە بە پۆلیسی خۆجێی و پاراستنی دەرەوەی شارەکەش بە سوپای عێراق و پێشمەرگە دەسپێردرێت.

 

حکوومەتی فیدڕاڵی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە ھەماھەنگی لەگەڵ نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ئەم خاڵانە رێککەوتن:

1- تەوەری کارگێڕی:

- دیاریکردنی قایمقامێکی نوێ بۆ شنگال کە سەربەخۆ و پیشەیی و ئەستۆپاک بێت و بە گوێرەی رێککارە دەستووری و یاساییەکان پەسندکراو بێت.

- لەلایەن لیژنەیەکی ھاوبەش کە لالەیان ھەردوولاوە پێکدەھێنرێت، دوای دیاریکردنی قایمقام، چاو بە پێگە کارگێڕییەکانی دیکەدا دەخشێنرێتەوە کە لەو کارەدا رەچاوی بنەما پیشەیی و یاساییەکان دەکرێت.

2- تەوەری ئەمنی:

- تەنھا پۆلیسی ناوچەکە و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و ھەواڵگری بەرپرسیارێتیی ئاسایشی ناو شارۆچکەکە لە ئەستۆ دەگرن و، ھەموو رێکخراوە چەکدارییەکانی دیکە بۆ دەرەوەی سنووری شارۆچکەی شنگال دوور دەخرێنەوە.

- بەھێزکردنی ئاسایش لە شارۆچکەکەدا لە رێگەی دامەزراندنی دوو ھەزار و کەس لە ھێزی ئاسایشی ناوخۆدا لایەنی ئاسایشیی کە لەو ھێزەدا دەستەبەریی دادپەروەرانە دەکرێت بۆ بەشداریپێکردنی ئاوارەی کەمپەکان لە خەڵکی شارۆچکەکە.

- کۆتاییھێنان بە بوونی رێکخراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە شارۆچکەی شنگال و ناوچەکانی دەوروبەریدا و نابێت رێکخراوەکە و ئەوانەی سەر بەون ھیچ رۆڵێکیان لە ناوچەکەدا ھەبێت.

٣- تەوەری ئاوەدانکردنەوە:

پێکھێنانی لیژنەیەکی ھاوبەش لە حکوومەتی فیدڕالی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارۆچکەکە بە ھەماھەنگی لەگەڵ ئیدارەی خۆجێی لە پارێزگای نەینەوا و ئاست و وردەکارییەکانی ئەرکەکەی لەلایەن سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستانەوە دیاریدەکرێت.

٤- بە مەبەستی چاودێریکردنی ئەوەی لە تەوەری کارگێڕی و ئەمنیدا ھاتووە، لیژنەیەکی مەیدانیی ھاوبەش لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی ھەردوولا پێکدەھێنرێت بۆ جێبەجێکردنی ئەوەی لە رێککەوتنەکەدا ھاتووە.

دوای گشتپرسی ھەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٧دا، و لووتکەی ناکۆکییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا، شنگال لە پاڵ کۆمەڵێک ناوچەی جێناکۆکی نێوان ھەرێم و بەغدا، کەوتە ژێر دەستی چەکدارانی نایاسایی و ھێزەکانی حەشدی شەعبی.

دانیشتووانی شنگال، کە دوای ساڵی ٢٠١٤ بە ھۆی ھێرشی داعشەوە ناوچەکەیان چۆڵکردبوو و ئاوارە بوون، داوا دەکەن ھێزە چەکدارەکان شارەکەیان چۆڵبکەن و دۆخی مەدەنی و ئاسایی بۆ ناوچەکەیان بگەڕێتەوە.

چاوەڕوان دەکرێت جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا رێگە بۆ گەڕانەوەی ئەو ئاوارانە خۆش بکات کە بەشێکی زۆریان لە دۆخێکی ناھەمواری کەمپەکاندا دەژین.