گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’خۆتان ئامادە بکەن’’

پارتی لەبارەى ’’خراپترین سیناریۆ’’ هۆشداری دەداتە بەغدا

2020.11.19 - 18:35
پارتی لەبارەى ’’خراپترین سیناریۆ’’ هۆشداری دەداتە بەغدا

ناس کورد-

هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی هۆشدارى دەداتە حکومەتى عێراق و دەڵێت، لە ساڵیادى کوشتنى قاسم سولەیمانى و ئەبومەهدى موهەندیس چاوەڕێى خراپترین سیناریۆ بن.

 

لە سەرەتاى ئەمساڵ و لە شەوى 3ى کانونى دووەمى 2020، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانى ئەمریکا لە نزیک فڕۆکەخانەى بەغدا ئۆتۆمبێلێکیان کردە ئامانج کە قاسم سولەیمانى و ئەبومەهدى موهەندیسى تێدا کوژران، دواى ئەوەى گرژیەکانى نێوان واشنتۆن و تاران گەیشتنە ئەوپەڕى.

 

هۆشیار زێباری، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتى کوردستان کە پێشتر لە بەغدا وەزیری دارایی و دەرەوە بووە لە هەژماری تویتەری خۆی کە ناس کورد بەدواداچوونی بۆ کردووە بڵاویکردوەتەوە، هێرشە موشەكییەكەی شەوی سێشەممەى سەر ناوچەی سەوز و باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەلایەن میلیشا چەكدارییەكانی دەرەوەی یاسا هەڕەشەیەكی ڕاستەقینەیە.

 

باسى لەوشەکردوە، لە ساڵیادی كوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەى پێشوى فەیلەقى قودسى ئێرانى و ئەبومەهدی موهەندیس جێگرى پێشووى سەرۆکى دەستەى حەشدى شەعبى لە 3ى کانونى دووەمى ئەمساڵ ئەگەری ئەنجامدانی هێرشی خراپتر هەیە.

 

زێباری هۆشداریشی داوەتە حكومەتی عیراقی لەوەى "خۆی بۆ خراپترین سیناریۆ ئامادە بكات".

 

شەوی سێشەممەى ڕابردوو دەروازەكانی ناوچەی سەوز لەرێگەی حەوت موشەكی كاتیۆشا کرانە ئامانج و بەگوێرەی زانیارییەكانی هێزە ئەمنییەكان لەو هێرشەدا منداڵێكى کچ كوژراوە و پێنج هاوڵاتى مەدەنی دیكەش برینداربون.