گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’عێراقییەکانی دەرەوە’’

حكومەتی كازمی پێشنیاز دەکات سێ توێژ نەتوانن لە هەڵبژاردنی داهاتوودا دەنگ بدەن

2020.11.19 - 17:13
حكومەتی كازمی پێشنیاز دەکات سێ توێژ نەتوانن لە هەڵبژاردنی داهاتوودا دەنگ بدەن

ناس کورد-

ڕاوێژکارێکى مستەفا کازمى، سەرۆک وەزیرانى عێراق پێشنیازى هەڵوەشانەوەى دەنگدانى دەرەوە و نەخۆشخانە و گرتوخانەکان دەکات.

 

عەبدولحسێن هینداوى، ڕاوێژکارى سەرۆک وەزیرانى عێڕاق بۆ کاروبارى هەڵبژاردنەکان لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسى هەواڵى فەرمى عێراقییە کە ناس کورد بەدواداچوونی بۆ کردووە (19ى تشرینى دووەمى 2020)  دەڵێت، کازمى ڕێنمایى داوەتە وەزیرى دارایى بۆ دابینکردنى پارە بۆ کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکان، بۆ دابینکردنى پێداویستیەکانیان وەک کۆگا و لایەنى ئەمنى و بابەتەکانى تر و پێشکەشکردنى سەرجەم پاڵپشتیەکان بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردن.

 

ڕونیشیکردوەتەوە، لە هەڵبژاردنەکاندا پشت بە تەکنەلۆژیاى نوێ و سیستمى بایۆمەترى لە تۆمارکردنى ناوى دەنگدەران دەبەسترێت، ئەوەش سەرەڕاى دەنگدانى ئەلکترۆنى و چاودێرى ئەمنى بۆ گەرەنتیکردنى ڕێگەگرتن لە ساختەکارى، سەرەڕاى ئەوەش قسە لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان کراوە سەبارەت بە چاودێرى نێودەوڵەتى هەڵبژاردنەکانى داهاتوو.

 

هینداوى ئەوەشى ئاشکراکردوە، حکومەت بەنیازە هەفتەى داهاتوو چەند گۆڕانکاریەک سەبارەت بە یاساى هەڵبژاردنە پەرلەمانیە پێشوەختەکان بنێرێت بۆ پەررلەمان، لە نێویاندا هەڵوەشانەوەى دەنگدانى دەرەوە و نەخۆشخانە و گرتوخانەکان.

 

بڕیارە لە شەشی حوزەیرانی ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق ئەنجام بدرێت و چەندین جار حکومەت و کۆمسیۆن پابەندبوونی خۆیان بە کاتەکەوە دەربڕیوە.