ناس کورد-
پسپۆڕێکى دەرونى دەڵێت، بەها ئەخلاقیەکان کاڵبونەتەوە و ئەوەش لە هەموو کۆمەڵگەکاندا سەریهەڵداوە، کە پەیوەندى بە سیستمى سەرمایەدارییەوە هەیە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
د. کەریم شەریف قەرەچەتانى، پسپۆڕى بوارى دەرونى و مامۆستاى زانکۆ لە بەرنامەیەکى تایبەتى (ناس کورد)دا باسى لەوەکرد، بەها ئەخلاقى و کۆمەڵایەتیەکان و بەها پیرۆزەکان کاڵبونەتەوە، ئەوەش تا ڕادەیەک پەیوەندى بە سیستمى سەرمایەدارییەوە هەیە، لە زۆر وڵاتیش ئەمە سەریهەڵداوە، تەکنەلۆژیا و ڕاگەیاندنیان خستوەتە گەڕ بۆ خۆ دەوڵەمەندکردن و پارە پەیداکردن نەک بۆ گەشەکردنى بەها ئەخلاقیەکان.
ئەو پسپۆرە دەرونییە دەشڵێت، بیرۆکەیەک هەیە پێى دەوترێت "بیرۆکەى سلوکى" یەکێک لە ڕابەرەکانى ناوى سکینەرە و کتێبێکى بڵاوکردوەتەوە و دەڵێت، شتێک نییە بە ناوى ئەخلاق و بەها و شەرەف هەموى دروستکراوە و شتى لەو جۆرە نییە لە مرۆڤدا، کێ زۆر بە ئەخلاق و شەرەفە دەتوانم بە برسیکردن و ئەشکەنجەدان واى لێبکەم وازى لێبهێنێت.
قەرەچەتانى لەو بڕوایەدایە ئەمە بۆچونێکى سەرمایەدارییە و ڕاست نییە، دەشڵێت "هەزاران پێشمەرگە هەڕەشەیان لێکرا و ئەشکەنجە دران بەڵام ناوى هاوڕێکانیان نەدا و لەسێدارە دران، سیستمى سەرمایەدارى کار لەسەر غەریزەکانى مرۆڤ دەکات و ئێستاش ڕاگەیاندنە کوردیەکانیشى گرتوەتەوە و بەرنامەکان بوون بە جوڵاندنى غەریزە سێکسیەکان و خۆدەوڵەمەندکردن و خۆجوانکردن.
ئەو پسپۆڕە دەرونییە جەختیش دەکاتەوە، دامەزراوەکان کار لەشەر شێوە بکەن و ئافرەت خۆى بکات بە باڕبى و دەستکارى لوت و دەم و لێوى بکات و لە خوار ناوکتەوە کار بکەیت و دواى ئارەزوە سێکسیەکان بکەویت و عەقڵت ئیهمال بکەیت بێگومان بەها ئەخلاقیەکان نامێنن.