ناس کورد-
لیژنە هاوبەشەکانى قایمقامیەتى سلێمانى راگەیەندراوێکى لەبارەى سزادانى چەند شوێنێک بەهۆى سەرپێچیکردن لەمەرج و رێنماییەکانی کارکردن و پابەند نەبون بەرێکارەکانی خۆپارێزی، بڵاوکردەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بێوەی ئەحمەد، سەرۆکی لیژنەی دووی قائیمقامیەتی سلێمانی (18ى تشرینى دووەمى 2020) رایگەیاند "بەهۆی سەرپێچیکردن لە مەرجەکانی کارکردن بەگشتی و تەندروستی و ڤێتێرنەری بەتایبەتی و هەروەها پابەندنەبون بەرێکارەکانی خۆپارێزی لەدژی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لیژنەکە (17) پسوڵەی سزادانی بۆ چێشتخانە، چایخانە، مارکێت و نانەواخانەی لە گەڕەکەکانی ئاشتی و رزگاری شاری سلێمانی کردوە.
وتیشی: بەهۆی بڵاونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، یەکێک لە مەرجە سەرەکیەکانی کارکردن لە شوێنەگشتییەکان جێبەجێکردنی رێکارەکانی خۆپارێزییە، پێویستە لەسەر شوێنەکان دەمامک و مادەکانی پاکژکردنەوە (تعقیم)بۆ کڕیارەکانیان بەردەست بخەن بۆ بەکارهێنان و هەروەها سەرجەم ئەو کارمەندانەی لەو شوێنانە کاردەکەن دەمامک ببەستن.
بەوتەى بێوەى ئەحمەد، بەمەبەستی پاراستنی تەندروستی هاوڵاتیان و رێگریکردن لە زیاتر بڵاوبونەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکان دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەشاری سلێمانی، دەسەڵاتی سزادانی سەرپێچیکارانی داوە بە لیژنە هاوبەشەکان، بۆیە پێویستە لە دوکان و بازاڕ و شوێنە گشتییەکان سەرجەم مەرجەکانی کارکردن و رێکارەکانی خۆپارێزی جێبەجێ بکرێت.
ڕونیشیکردەوە، بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی ئەو شوێنانی پسوڵەی سزایان بۆکراوە، روبەڕوی رێکای یاسایی توند دەکرێنەوە.