کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد-
لە سلێمانی ژمارەیەک ڕۆژنامەنوس سکاڵای یاساییان لەسەر شاسوار عەبدولواحید تۆمارکرد کە بە وتەى خۆیان لەو پەیجانەی کە ئەو خاوەندارێتی کردوون ناویان زڕێندراوە.
کەمال ڕەئوف، بەرپرسی دەزگای ڕژنامەوانی "شار" لە کۆنفراسێکی ڕۆژنامەنوسیدا و بە نوێنەری ئەو رۆژنامەنوسانە ڕایگەیاند، "لەگەڵ ژمارەیەک لە ڕۆژنامەنوساندا سکاڵای یاساییمان دژی خاوەندارێتی ئەو پەیجانە تۆمار کردوە کە هێرشیان کردووەتە سەر خۆمان و خانەوادەکانمان و دەزگا میدیایەکانمان".
ئاماژەی بەوەشدا، "لە وتەى تۆمەتبارەکانى نەوەى نوێ دەرکەوتووە کە ئەو پەیجانە لەلایەن شاسوارعەبدولواحیدەوە سەرپەرشتی دەکرێن بۆیە ئێمە داواکەمان لەسەر شاسوار عەبدواواحید تۆمارکردووە، ئێمە داوای قەرەبوی مادی و مەعنەوی دەکەین".
باسی لەوەشکرد، "ئێمە داوامان لە دادگا کردووە یاسا سەروەربێت و ئەم کەیسە بەشێوەیەکی مەدەنی چارەسەر بکرێت و نەچێتە بواری سیاسیەوە، چونکە ئەم بابەتە دژی ڕادەربڕین و دژی بەشداریپێکردنی ژنە و هەوڵێکە بۆ پوچەڵکردنەوەی دەنگی گەنجان، ئەم تیرۆرە تیرۆرێکی جەستەیی و فیزیکییە، هەڵمەتێکە بۆ بڵاوکردنەوەی ترس."
کەمال ڕەئوف وتیشی "بەبێ جیاوازی ئێمە گومانمان نییە کە هەموو لایەنە سیاسییەکان ڕۆڵێکی خراپیان گێڕاوە و پەیجی سێبەریان هەیە، بەڵام بە ڕێژە و شێوازی جیاواز."
ڕۆژنامەنوسەکان چوار کەس بوون و سەر بە دەزگاکانى (شارپرێس و زەمەن و تۆڕی هەواڵی شار و ژیان) بوون.