کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس کورد-سۆران ڕەشید لەدوای چەندینجار ڕەتکردنەوە و ئینکاریکردن، دواجار و دوای 24 کاتژمێر وەزارەتى دەرەوەى ئیمارات لە ڕاگەیەندراوێکدا دانینا بەوەى چوار کەشتى بازرگانی لە نزیک ناوچەى فوجەیرە لە ئاوە هەرێمییەکانى ئیمارات ڕوبەڕووی "هێرش و کاری تێکدەرانە" بوونەتەوە. ئیمارات ڕەتیکردەوە هێرشەکان هیچ زیانێکى گیانى بەدواوە بووبێت و ڕایگەیاند، لەگەڵ وڵاتانى نێودەوڵەتی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەکەن بەبێ ئەوەى هیچ لایەن و هێزێک تۆمەتبار بکات.ئێران: ڕووداوەکە نیگەرانکەر و جێگەى داخە
لەلایەکى ترەوە، وتەبێژی وەزارەتى دەرەوەى ئێران ڕایگەیاند، ڕووداوی هێرشکردنەسەر کەشتییەکان لە نزیک ئاوەکانى فوجەیرە لە ئیمارات نیگەرانکەر و جێگەى داخە و داوای لێکۆڵینەوەى جدی کرد. عەباس موسەوی، وتەبێژی وەزارەتى دەرەوەى ئێران وتیشی، "ئەو ڕووداوانە کاریگەری خراپ لەسەر هاتوچۆی دەریایی دادەنێن و پێویستە وڵاتان ئاگاداربن لە پلانگێڕی لایەنی بیانی بۆ تێکدانی سەقامگیری." هەر دوای تەقینەوەکانیش، حیشمەتڵا فەلاحفیشەر، سەرۆکى لیژنەى ئاسایشی نیشتمانی ئێران لە تویتێکیدا ڕایگەیاند، ئەوەى لە بەندەری فوجەیرە ڕوویدا ئاماژەیە بۆ ئاڵۆزی ئاسایشی ئاوەکانى کەنداو. https://twitter.com/drfalahatpishe/status/1127617889459212291 .سیناریۆ یان هێرش؟
هیشام جابر، شارەزای سەربازیی و ستراتیژی بە کەناڵی جەزیرەى قەتەری وتووە، ناڕوونییەک هەیە لە ڕووداوەکەدا، چونکە هیچ تەقەیەک نەبووە و زیانی گیانیش تۆمارنەکراوە. ئەو ڕەتیکردەوە هیچ هێرشێک کرابێتە سەر کەشتییەکان و وتی، "بابەتەکە گرنگ نییە بەڵام کاتی ڕوودانی گرنگە بەوپێیەى لە گەرمەى ئاڵۆزییەکانى ئێران و ئەمریکا ڕوویداوە." هیشام جابر دەشڵێت، لەوانەیە هەوڵ بدرێت ئێران تێوەبگلێنرێت لە ڕووداوەکان سەرباری ئەوەى واشنتۆن و تارانیش دەیانەوێت ڕوبەڕوبوونەوەى سەربازی ڕوونەدات. لەلایەکى ترەوە، عومەر عیاسرە، نوسەر و شیکەرەوەى سیاسی ڕایگەیاند، ئیمارات باجی هەڵسوکەتەکانى دەدات بەوەى لە زۆربەى دۆسییەکانى ناوچەکەدا تێوەگلاوە بۆ نمونە، گەمارۆی ئێران، شەڕی یەمەن و لیبیا و دامرکانەوەى شۆڕشەکان. دەشڵێت، لەوانەیە تەقینەوەکان لایەنێکى نزیک لە ئێران ئەنجامیدابێت تاوەکو پەیامێک بگەیەنێتە ئیمارات کە خۆی بەدور بگرێت لە ئاڵۆزییەکان. لەبارەى ئەو لایەنانەى کە لەوانەیە بەرپرسیار بن، ئەو دەڵێت، لەوانەیە لایەنە نزیکەکانی ئێران یان ڕێکخراوە چەکدارییەکانی وەک قاعیدە و داعش ئەو کارەیان کردبێت.