ناس کورد-
دەرونناسێکى ئەکادیمى و مامۆستاى زانکۆ پێىوایە، هەرێمى کوردستان قەیرانى سیاسى و ئابورى نییە، بەڵکو قەیرانى عەقڵى سیاسى هەیە و دەشپرسێت: "ئەو بەرپرسانە بیر لە مردن ناکەنەوە؟".
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
د. کەریم شەریف قەرەچەتانى، دەرونناس و ئەکادیمى و مامۆستاى زانکۆ لە بەرنامەیەکى تایبەتى "ناس کورد" ئاماژەى بەوەدا: " دەبێت ئەو قۆرخکارى و دزى و گەندەڵییەى لە هەرێمى کوردستان هەیە کەمبکرێتەوە، ئێمە ئێستا قەیرانى عەقڵمان هەیە و قەیرانى ئابوریمان لە نەبونى عەقڵەوەیە، قەیرانى سیاسیمان لە نەبونى عەقڵى سیاسیەوەیە، کێشەکە لە عەقڵدایە و هەموو شتێک لەوێوە دەستپێدەکات."
هێماى بۆ ئەوەشکردووە: " کوردستان ئەوەندە دەوڵەمەندە قەیرانى ئابوریى نییە، کەسى دڵسۆز و بەتوانامان زۆرە و قەیرانى ڕۆشنبیریمان نییە، ئەوەندە بەها و ئەخلاقى جوانمان هەیە قەیرانى ئەخلاقمان نییە، بەڵام قەیرانى عەقڵمان هەیە کە لە سەرەوە تا خوارەوە تێوەگلاوە و ئەوەى دروستکردوە کە هەیە."
ئەو دەرونناسە پرسیارى ئەوەشدەکات: " ئەو بەرپرسانە بیر لە مردن ناکەنەوە ئەو هەموو کەسە بە بەرچاویانەوە دەرمرن؟، نەوەى ڕابردوو لەگەڵ ئەو هەموو زوڵمەى لەسەرى بوو کورد و کوردستان و پێشمەرگەیان زیاتر خۆش دەویست و یاسایان باشتر جێبەجێ دەکرد و منداڵیان باشتر پەروەردە دەکرد، ئێستا کە زانست و تەکنەلۆژیا زیاتر پێشکەوتووە، بەڵام زیاتر هاتوینەتە دواوە، ئیتر ئەوە ئایا پرۆگرامێکى داڕێژراوە یاخود لە نەزانیوەیە، نەزانییەکە ئاسانترە و ئیشى تێدا دەکرێت، بەڵام ئەویتریان لەدەسەڵاتى ئێمەدا نییە."