گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ناڕەزایەتیی ئێزدییەکانی شنگال

ئێزدییەکانی شنگال تائێستا دان بە میردا نانێن و بابەشێخیش هاتە ڕیزەوە

2020.11.17 - 19:22
App store icon Play store icon Play store icon
ئێزدییەکانی شنگال تائێستا دان بە میردا نانێن و بابەشێخیش هاتە ڕیزەوە

ناس کورد-

زۆرینه‌ی ئێزیدییه‌كانی شنگال، به‌ هۆز و كه‌سایه‌تییه‌ سیاسی و سه‌ربازییه‌كانه‌وه‌، تائێستا دان نانێن به‌ حازم ته‌حسین به‌گ وه‌ك میر و دانانی بابه‌شێخی نوێش ره‌تده‌كه‌نه‌وه، لەگەڵ ئەوەشدا بڕیارە سبەینێ چوارشەممە بابەشێخی نوێ دەستبەکاربێت.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ڕۆژی شەممەی ڕابردوو 14ی تشرینی دووەمی 2020، عه‌لی ئه‌لیاس، وه‌ك بابه‌شێخی نوێی ئێزیدییان له‌ عیراق و جیهان دانرا، ڕۆژی دواتر یه‌كشه‌ممه‌ 15ی تشرینی دووه‌می 2020، ئێزیدییه‌كانی نیشته‌جێی قه‌زای شنگال، به‌ ئاماده‌بوونی فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كان، سه‌رۆكی عه‌شیره‌ت و كه‌سایه‌تییه‌كانی ئایینی كۆبونه‌وه‌یه‌كی به‌رفراوانی ناڕەزەیەتییان ئەنجامدا.

 

لەوبارەیەوە حه‌یده‌ر شه‌شۆ، فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی پاراستنی ئێزیدخان له‌ شنگال دەڵێت: "نامانه‌وێت خۆمان له‌ ئێزیدییه‌كانی شێخان و هه‌رێم جیابكه‌ینه‌وه‌، ئێزیدی هه‌ر ئێزیدییه‌ له‌هه‌ر شوێنێك بێت، به‌ڵام سته‌م له‌ ئێزیدییه‌كانی شنگال ده‌كرێت و پرس و راوێژیان پێناكرێت، ئه‌وه‌ش جێی قبوڵكردن نییه‌".

 

 

شەشۆ بە "کەرکوک ناو"ی ڕاگەیاندووە: " نه‌ میر حازم ته‌حسین به‌گ شه‌رعیه‌تی لای ئێمه‌ هه‌یه‌ و نه‌ بابه‌شێخی نوێ، ئه‌گه‌ر له‌بڕیاره‌كه‌ی خۆیان پاشگه‌ز نه‌بنه‌وه‌ ئه‌وا ده‌ستكراوه‌ ده‌بین بۆ هه‌ر بڕیارێك ‌له‌لایه‌ن سه‌رۆك عه‌شیره‌ت و پیاوانی ئایینی شنگاله‌وه‌ ده‌رده‌چێت، شێوازی دانانی بابه‌شێخ هه‌ڵه‌یه‌، چونكه‌ پرس به‌ خه‌ڵكی شنگال نه‌كراوه‌ و له‌سه‌ر بنه‌مای حزبی دانراوه‌، له‌كاتێكدا پۆسته‌كه‌ ئاینییه‌، بۆیه‌ وه‌ك بابه‌شێخی خۆمان قبوڵی ناكه‌ین."

 

 

پێگه‌ی بابه‌شێخ، به‌رزترین پله‌ی ئایینی ئێزیدیيه‌ و به‌ رابه‌ری روحی هه‌ژمارده‌كرێت، كاندیدی ئه‌و پێگه‌یه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی روحانی، میر و به‌ راوێژ له‌گه‌ڵ سه‌رۆك عه‌شیره‌ت و ژماره‌یه‌ك كه‌سایه‌تی ئایینی داده‌نرێت.

 

هەر لە کاردانەوەی دانانی  عه‌لی ئه‌لیاس، وه‌ك بابه‌شێخی نوێی ئێزیدییان، قاسم شه‌شۆ، فه‌رمانده‌ی سه‌ربازی ئێزیدی له‌ شنگال و فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ مه‌زارگه‌ی شه‌ره‌فه‌دین، شه‌وی رابردوو 16ی تشرینی دووه‌م، له‌ تۆمارێكی ڤیدیۆییدا وازهێنانی خۆی له‌ ریزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و ئه‌ندامێتی پارتی دیموكراتی كوردستان راگه‌یاند.

 

قاسم شەشۆ هۆکاری وازهێنانەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە بۆ ده‌ستتێوه‌ردانی حزبی و شێوازی دانانی بابه‌شێخ و میری ئێزیدییان.

 

 

 

پێشتریش دانانی بەرپرسانی ئێزدی ناڕەزایی لێکەوتووەتەوە و له‌ ته‌مموزی 2019دا، کاتێک حازم تەحسین بەگ له‌ په‌رستگای لالشی قه‌زای شێخان، به‌ ڕێوڕه‌سمێك وه‌ك میری ئێزیدییان له‌ عیراق و جیهان دانرا، ئه‌وه‌ش ناڕه‌زایی ئێزیدییه‌كانی ناو شنگالی لێكه‌وته‌وه‌ و له‌وكاته‌وه‌ به‌ میر قبوڵیناكه‌ن.

 

له‌ ئابی هه‌مان ساڵدا، ژماره‌یه‌ك له‌ پیاوانی ئایینی و كه‌سایه‌تی ئێزیدییه‌كان له‌ مه‌زاری شبیل قاسم له‌ شنگال، بڕیاریاندا به‌ دانانی نایف داود سه‌لمان، وه‌ك میری شنگال.

 

فەقیر بەرەکات، سەرۆکی عەشیرەتی سینجی لە شنگال بە "کەرکوک ناوی" ڕاگەیاندووە: "ئه‌گه‌ر له‌ ئێستاوه‌ سنورێك دانه‌نرێت و هه‌ر ڕازی بین، ئه‌وا هه‌ر به‌یه‌كجاری هیچ حیساب بۆ خه‌ڵكی شنگال ناكرێت، له‌مه‌ودوا هیچ بڕیارێك بێ راوێژی ئێمە قبوڵناكرێت."

 

ئاماژەی بەوەشكڕدووە: " زۆرینه‌ی خه‌ڵكی شنگال رازی نین به‌ هه‌ڵبژاردنی شێخ عه‌لی ئه‌لیاس وه‌ك بابه‌شێخی ئێزدییه‌كان، لاریمان نییه‌ هه‌ر كه‌سێك ئه‌م پۆسته‌ وه‌ربگرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی نیگه‌رانییه‌ بابه‌ته‌كه‌ به‌ سیاسی كراوه‌ و هه‌ندێك لایه‌ن ده‌یانه‌وێت دوبه‌ره‌كی دروستبكه‌ن، ئه‌وه‌ش مه‌ترسی زۆر گه‌وره‌یه‌".

 

ده‌زگای به‌رێوه‌بردنی ئێزیدییان له‌ جڤاتی روحانی و سه‌رۆكی جڤات (میر)، بابه‌ شێخ، شێخی وه‌زیره‌ و سه‌رۆكی قه‌والان پێكهاتوون، هه‌موو ئه‌وانه‌ش له‌ ده‌زگاكه‌دا ئه‌ندامن و بڕیاره‌كانی تایبه‌ت به‌و پێكهاته‌یه‌ ده‌رده‌كه‌ن.

 

لەلایەکی دیکەوە، هه‌رمان میرزا به‌گ، جێگری میری ئێزدییان دەڵێت: "بڕیاره‌كه‌ی میر حازم بۆ دانانی بابه‌شێخ دادوه‌رانه‌ بووه‌، پرس به‌ ئه‌ندامانی جڤاتی روحانی و كۆمه‌ڵێك سه‌رۆك عه‌شیره‌ت و پیاوانی ئایینی كراوه‌".

 

میرزا بەگ ئاماژەی بەوەشكردووە: "مه‌رج نییه‌ هه‌ر بڕیارێك ده‌ربچێت سه‌دا سەد هه‌موو كه‌س قبوڵیبكات، ئه‌مه‌ له‌ هه‌موو شوێنێكی دنیادا هه‌روایه‌، به‌ڵام زۆرینه‌ی ئێزدییه‌كان هاوڕان‌ له‌گه‌ڵ بڕیاره‌كه‌ی میر حازم و رێز له‌ بیروبۆچونی هه‌موو ئێزدییه‌كانیش به‌ تایبه‌تی خه‌ڵكی شنگال ده‌گرین".

 

جەختیشیکردوەتەوە، بڕیاری كۆتایی بۆ دانانی بابه‌شێخ لای میری ئێزیدییانه‌، ئه‌و ده‌توانێت بێ پرس و راوێژ كاندیده‌كه‌ دابنێت، كاتێك پرس ده‌كات وه‌ك رێزگرتنه‌، پێشیوایه‌ عه‌لی ئه‌لیاس كه‌سێكی گونجاوه‌ بۆ ئه‌و پێگه‌یه‌ و چه‌ند رۆژێكی دیكه‌ به‌ فه‌رمی جلوبه‌رگی بابه‌شێخ ده‌پۆشێت.

 

بڕیاره‌ سبەینێ چوارشه‌ممه‌ 18ی تشرینی دووه‌می 2020، له‌ مه‌راسیمێكی ئایینییدا له‌ په‌رستگای لالش عه‌لی ئه‌لیاس ئه‌ركه‌كانی بابه‌شێخ به‌ فه‌رمی وه‌ربگرێت، لەگەڵ ئەوەشدا داوا دەکرێت کە مەراسیمەکە دوابخرێت، تاوەکو ڕەزامەندی هەموو ئێزدییەکانی لەسەر بێت.