گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پەیامێک لە پارتییەوە بۆ عێراق

پەیامی ’’زەنگێکی مەترسیدار’’ لە ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتییەوە بۆ عێراق

2020.11.17 - 17:42
پەیامی ’’زەنگێکی مەترسیدار’’ لە ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتییەوە بۆ عێراق

ناس کورد-

سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی ڕایگەیاند، ئەوەی لە پەرلەمانی عێراق ڕوویدا دژی مافی گەلی کورد ڕوویدا زەنگێکی مەترسیدارە بۆ داهاتووی عێراق، دەشڵێت، بە بەردەوامیدان بەو عەقڵیەتە داهاتوویەكی تاریك چاوەڕێی عێراق دەكات.

 

ئەمڕۆ سێشەمە 17ی تشرینی دووەمی 2020، بە سەرپەرشتی كاكەمین نەجار، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی و سەرۆكی ئەنجومەنی سەركرداییەتیی پارتی و کۆبوونەوەی لقی ٢٣ی قەرەچۆخی ئەنجامدرا.

 

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی، لە كۆبوونەوەكەدا كاكەمین نەجار، باسی لەپەیوەندییەكانی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و بەغدا كرد، بەتایبەت لەسەر بابەتی مووچەی هاوڵاتییانی هەرێم و رایگەیاند: " ناردنی پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم مافە و دەبێت لەلایەن حكومەتی عێراقەوە دابینبكرێت و ئەوەی لە پەرلەمان روویدا دژ بە مافی گەلی كوردستان وەك زەنگێكی مەترسیدار بۆ داهاتووی عێراق هەژمار دەكرێت و بە بەردەوامی دان بەم جۆرە عەقڵیەتە دژ بە هەرێمی كوردستان داهاتوویەكی تاریك چاوەڕێی عێراق دەكات. "

 

لەڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە: "كاكەمین نەجار باسی لە پلانەكانی پەكەكە كردووە بۆ داگیركردن و دەستبەسەرداكردنی گوند و شوێنەكانی كوردستان و رایگەیاند، حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرپرسیارە لە پاراستنی گیان و سەر و ماڵی هاونیشتیمانیان و بوونی هەر هێزیكی چەكداری بەدەر لە هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان نایاساین و دەبێت لە شوێنەكان نەمینن. "

 

لە بەشێكی تری كۆبونەوەكەدا سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی باسی لە پەیوەندی نێوان حزب و لایەنە سیاسیەكان كردووە و رایگەیاندووە: " یەكریزی و هاوئاهەنگی نێوانمان پاڵنەرێكی بەهێز دەبن وە ژینگەیەكی ئارام دروست دەكات بۆ سەرخستنی هەنگاوەكانی حكومەتی هەرێم بۆ چاكسازی و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بە سەرجەم ناوچەكانی كوردستان."

 

بەرەبەیانی پێنجشەممەی ڕابردوو، یاسای قەرز بەبێ ڕەزامەندی کورد لە پەرلەمانی عێراق تێپەڕێندرا و ئەوەش پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدای بەرەو ئاڵۆزی بردەوە.