کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس كورد- هەڤاڵ فەتاح نەبوونی سەنتەرێكی تایبەت بۆ دەستنیشانكردنی نەخۆشی ئۆتیزم لە هەرێمی كوردستان گرفتی بۆ كەسوكاری منداڵە تووشبووەكان و سەنتەرەكانی چارەسەركردنی نەخۆشی ئۆتیزم درووستكردووە و پسپۆڕانی ئەو بوارە كردنەوەی سەنتەرێكی لەو جۆرە بەپێویست دەزانن. . رەحمان عەلی بەڕێوەبەری سەنتەری چارەسەركردنی نەخۆشی ئۆتیزم لە سلێمانی تایبەت بە ناس كورد-ی راگەیاند "تائێستا ئامارێكی فەرمیی باوەڕپێكراو بە ژمارەی منداڵانی تووشبوو بە ئۆتیزم لە هەرێمی كوردستاندا نییە، ژمارە نافەرمییەكان ئاماژە بەوە دەكەن كەزیاتر لە 3 هەزار منداڵی تووشبوو بە ئۆتیزم لە هەرێمی كوردستاندا هەیە". . ئاماژەی بەوەش كرد، ناڕوونی لە ژمارەی تووشبووان دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی سەنتەرێكی تایبەت بە دەستنیشانكردنی نەخۆشیەكە لە هەرێمی كوردستان، ئەوەش وای كردووە حكومەت نەتوانیت ساڵانە ئامارەكان بخاتە ڕوو . . بەوتەی بەڕێوەبەری سەنتەری ئۆتیزمی سلێمانی، هۆكارێكی دیكەی نەبوونی ئاماری تەواو بە نەخۆشییەكە لەهەرێمی كوردستان زۆربوونی ئەو لیژنانەیە كە درووستكراوون بۆ دەستنیشانكردنی منداڵانی ئۆتیزم كە ئەوەش وای كردووە كارەكان ئاڵۆز بێت و لیژنەكان ئاگایان لە یەكتر نەبێت. . رەحمان عەلی ئامارەكانی توشبووان بە نەخۆشی ئۆتیزم لە پارێزگای سلێمانی ئاشكرا دەكات و دەڵێت "بەپێی ئامارە نافەرمییەكان لە شاری سلێمانی و ناوچەكانی دەورپشتی زیاتر لە 700 منداڵی توشبووی ئۆتیزم هەیە، ئێستاش لە سەنتەری ئۆتیزم لە شاری سلێمانی چارەسەر بۆ 60 منداڵی توشبووی ئەو نەخۆشیە دەكرێت". .