گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پێشهاتێکی نوێی ئەمنی لە عێراق

عێراق هێزەکانی سوپای لەناو شارەکاندا کشاندەوە

2020.11.16 - 21:19
عێراق هێزەکانی سوپای لەناو شارەکاندا کشاندەوە

ناس کورد-
وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، بەپێی فەرمانی حکومەت، دەبێت بۆ لەمەودوا دۆسییەی ئەمنی ناو شارەکان بکەوێتە دەست هێزەکانی ناوخۆ، فەرماندەیی ئۆپڕاسیۆنەکانیش کە سەر بە سوپایە لە پارێزگاکان هەڵدەوشێتەوە.

 

خالید مەحەنا، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا بۆ ئاژانسی هەواڵیی عێراق کە "ناس کورد" بەدواداچوونی بۆ کردووە (16ی تشرینی دووەمی 2020) ڕایگەیاند: "عوسمان غانمیی وەزیری ناوخۆی عێراق هەموو پێکهاتەکانی هێزەکانی ناوخۆی عێراقی ئاگادارکردووەتەوە کە دەبێت لە ئامادەباشیدابن بۆ وەرگرتنی دۆسییەی ئەمنی ناو شارەکان لە وەزارەتی بەرگریی عێراق".


مەحەنا ئەوەشی وتووە، "لە هەموو وڵاتانی جیهان دۆسییەی ئەمنی ناو شارەکان بەدەست پۆلیس و هێزەکانی ناوخۆدایە، پێشتربەهۆی بارۆدۆخی ناجێگیری ئەمنیی وڵات بیرۆکەی هاوکاریی لە نێوان وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری دروست بووە، کە لە دەرئەنجامدا بیرۆکەی دامەزراندنی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکان لە شارەکاندا هاتەکایەوە".

وتەبێژەکەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئەوەشی خستووەتە ڕوو: "باشبوونی بارودۆخی ئەمنیی عێراق بەراورد بە پێشوو پێویست بەوە دەکات بەرپرسیارێتی ئاسایش لە شارەکان بۆ لەمەودوا بگەڕێتەوە بۆدەسەڵاتی هێزەکانی ناوخۆ، چونکە ئەوان زیاتر ئاشنان بە شێوازە جیاجیاکانی تاوانەڕێکخراوەکان وبازرگانیکردن بەماددە هۆشبەرەکان".


مەحەنا جەختی لەوەشکردووەتەوە: "حکومەتی ناوەندی فەرمانی کردووە کە دەبێت وەرگرتنی دۆسییەی ئەمنیی شارەکان بە زووترین کات لەلایەن وەزارەتی بەرگریی عێراقەوە ڕادەستی وەزارەتی ناوخۆ بکرێت، پێدەچێت فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانیش لە شارەکان هەڵبوەشێتەوە".