گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کێ لە کێی دا؟

سەعدى ئەحمەد پیرە باس لە خەنجەرەکەى بارزانى دەکات

2020.11.16 - 20:07
App store icon Play store icon Play store icon
سەعدى ئەحمەد پیرە باس لە خەنجەرەکەى بارزانى دەکات

ناس کورد-

سەعدى ئەحمەد پیرە ڕایگەیاند، پارتى پارەیەکى زۆر لە سوننەکاندا خەرجکردووە و ئەوان بوون کە خەنجەریان لەپشتەوە لە کورد داوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

سەعدى ئەحمەد پیرە، ئەندامى مەکتەبی سیاسی یەکێتى (16ی تشرینی دووەمی 2020) لەبەرنامەى تاوتوێی کەناڵى ئێن ئاڕ تى کە ناس کورد بینیویەتى ڕایگەیاند، "بە پلەى یەکەم پارتى، دواتر یەکێتى، بەتایبەتى پارتى پارەیەکى بێحسابی لە سوننە خەرجکردووە، من لە هەولێرم دەزانم ئەگەر باس لە خەنجەر بکرێت کە لە پشتەوە لێمان دراوە، بەراستى ئەوان بوون کە خەنجەریان لێماندا".

 

وتیشى، "کورد هەوڵى زۆریدا کە سوننە خۆى رێکبخات و بەشێک بێت لە پڕۆسەى سیاسی، بەڵام ئەوان ڕمەکەیان گرتە کورد".

 

سەعدى پیرە رەخنەى لە نوێنەرانى کورد لە پەرلەمان و حکومەتى عێراق گرت و باسى لەوەکرد، ئەوان نەیانتوانیوە لەناو شەقامى عەرەبی و لایەنە عێراقییەکان پێگەى خۆیان بکەنەوە، بەڵکو خواخوایانە رۆژانى پێنجشەممان بێت و بگەڕێنەوە و تا یەکشەممە نەگەڕێنەوە، تەنها سەرۆک کۆمارە کە هەمیشە لە بەغدایە.

 

دواى بڕیارەکەى پەرلەمانى عێراق بۆ بەستنەوەى ناردنى پشکى هەرێم بە رادەستکردنى نەوتەوە، مەسعود بارزانى سەرۆکى پارتى (12ی تشرینی دووەمی 2020) لە پەیامێکدا رایگەیاند "زۆر بەداخەوە جارێكی تر لایەنە سیاسییەكانی عێراق بە شیعە و سوننەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خەنجەریان لە پشتی گەلی كوردستان دا و، بودجە و ڕزقی خەڵكی كوردستانیان وەك كارتێك بۆ گوشارهێنان بۆ هەرێمی كوردستان بەكار هێنایەوە".

 

ئاماژەى بەوەشکردبوو "ئێمە ئەو یاسایەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كە بە بێ ڕەچاوكردنی بنەماكانی شەراكەت و ڕێككەوتنەكان دەری کردووە، بە بابەتێكی سیاسی و بۆ گوشارهێنان لەسەر هەرێم و سزادانی خەڵكی كوردستانی دەبینین كە پێچەوانەی بنەماكانی شەراكەت و تەوافوق و هاوسەنگیی نێوان پێكهاتەكانی عێراقە و جۆرێكە لە تەنگپێهەڵچنین و شەڕفرۆشی".