ناس کورد-
کەناڵی فەرمی حکومەتى عێراق ڕایگەیاند، دادگای دادوەری عێراق بڕیاری دا بە هەڵوەشاندنەوەى نوێکردنەوەى مۆڵەتی کۆمپانیاکانی مۆبایل کە هەرسێ کۆمپانیای ئاسیاسێڵ و کۆڕەک تێلیکۆم و زەین دەگرێتەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
محەمەد شیاع سودانی، پەرلەمانتاری عێراق لە هەژماری فەیسبوکی خۆی کە ناس کورد دیویەتی (15ی تشرینی دووەمی 2020) دەڵێت، "ئەمڕۆ یەکشەممە دادگای عێراقی قسەى خۆی کرد و جەختی لە سەربەخۆییبوون و پیشەییبوونی خۆی کردەوە کاتێک سکاڵاکەى وەرگرت و بڕیاری نوێکردنەوەى ڕاگرت."
پێشتر لە تویتێکیدا کە ناس کورد بینیویەتى (11ی تشرینی دووەمی 2020)، محەمەد شیاع سودانى پەرلەمانتارى عێراق ڕایگەیاندووە، "بریکارەکەم لە دادگا ئامادە بووە و داواکارى گشتى تەنها یاداشتەکەى لە دژى سەرۆک وەزیران کشاندووەتەوە، بەڵام پشتیوانى سکاڵاکەى لەدژى دەستەى پەیوەندییەکان و کۆمپانیاکانى مۆبایل دەربڕیووە."
ئاماژەى بۆ ئەوەش کردووە، "دادوەر ڕۆژى یەکشەممەى داهاتوو (ئەمڕۆ) کە دەکاتە 15ى تشرینى دووەم دیاری کردووە بۆ دەرکردنى بڕیار لەسەر ئەو کەیسە."
لاى خۆشیەوە محمەد بەلداوى، پەرلەمانتارى فراکسیۆنى سادیقون لە پەرلەمانى عێراق ڕایگەیاندووە، ئەوەى کە کۆمپانیاکانى پەیوەندیکردن (مۆبایل ) لە ساڵانى ڕابردوودا پێشکەشیان کردووە خزمەتگوزاریەکى خراپ و بێکەڵک بووە بۆ ئەو کارانەش چەند لایەنێکى حکومى و ناحکومى لەپشتیانەوە وەستاون.
ئاماژەى بۆ ئەوەش کردووە، ئەو کۆمپانیایانە لەچەند بوارێکدا گەندەڵیان کردووە و سەربارى ئەوەش قەرزى حکومەتیان لەلایە و نەیانداوەتەوە و ڕێکەوتنى نهێنێشیان لەگەڵ چەند دەزگایەکدا هەیە و گرێبەستەکانیان نوێ کراوەتەوە بۆیە داواى ڕاگرتنى نوێکردنەوەى گرێبەستەکانیان و لێکۆڵینەوەى یاسایى لەسەر چەند کەیسێکى تر لەگەڵدا دەکرێت.
مانگى ڕابردووش دادگاى تێهەڵچوونەوەى کەرخ لە بەغدا ڕەزامەندى لەسەر داوایەکى محمەد شیاع سودانى دەربڕى بۆ دەستپێکردن بە لێکۆڵینەوە بەمەبەستى ڕاگرتنى نوێکردنەوەى گرێبەستى ئەو کۆمپانیایانە بەڵام چەند کۆمپانیایەک داواى دواخستنى دادبینیەکەیان کرد.