ناس كورد-
لە یەکەم پەیامیدا بۆ هێزە سەربازییەکانی وڵاتەکەی، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا بە وەکالەت بڕیاری دا ئەو هێزانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکشێنێتەوە و ڕایگەیاند، "کاتی ئەوە هاتووە بگەڕێنەوە بۆ نیشتیمان".
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی فەڕەنسی کە ناس کورد بە دواداچوونی بۆ کردووە (15ی تشرینی دووەمی 2020) کریستۆڤەر میلەر، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا خواستی وڵاتەکەى بۆ کشانەوەى سوپای لە ئەفغانستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕاگەیاند.
میلەر کە لەدوای لەسەرکارلابردنی مارک ئەسپەر، وەزیری پێشووی بەرگریی لەلایەن ترمپەوە دیاری کرا دەڵێت، "هەموو جەنگەکان پێویستە کۆتاییان پێبهێنرێت، کۆتایهێنان بە جەنگیش پێویستی بە هاوبەشیکردن و لێبوردەیی هەیە، ئێمە دوچاری ئاڵەنگارییەکان بوینەوە، ئەوەی کە هەمانبوو بەخشیمان، ئێستا کاتی گەڕانەوەی سوپاکەمانە بۆ ناو ئەمەریکا."
جەختی کردەوە کە "هەمووان ماندوو بووین لە شەڕ و منیش یەکێکم لەوان."
میلەر لە پەیامەکەیدا کە ئاڕاستەی هەموو یەکە سەربازییەکانی کردووە ئاماژەی بەوەکردوە، "هێزەکانی فرۆکەوانی، دەریاوانی، پاسەوانی دەریایی، هێزی ئاسایی مەدەنی وهەموو پێکەوە وڵاتەکەمان دەگەیەنینە لوتکە".
هەفتەی ڕابردوو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، مارک ئەسپەر وەزیری بەرگری وڵاتەکەی لەپۆستەکەی دوورخستەوە وکریستۆفەر میلەری وەک جێگرەوەی بە وەکالەت دیاریکرد.