گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

یەک هەنگاو بۆ دەستبەکاربوون

هەماهەنگى پێشمەرگە و و سوپا هەنگاوێکى دیکە دەبڕێت

2020.11.14 - 22:15
App store icon Play store icon Play store icon
هەماهەنگى پێشمەرگە و و سوپا هەنگاوێکى دیکە دەبڕێت

ناس کورد- هەڤال فەتاح

 

جێگری سەرۆکی ئەرکانی هێزەکانی پێشمەرگە ڕایگەیاند، ناوى پاڵێوراوەکانیان بۆ سەنتەرى هەماهەنگى سەربازى لەبەغدا رەوانەى عێراق کردووە و چاوەڕوانن ئەوانیش ناوەکانیان بۆ سەنتەرەکەى هەولێر رەوانە بکەن.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لیوا قارەمان کەمال، جێگری سەرۆکی ئەرکانی  هێزەکانی پێشمەرگە تایبەت بە ناس کوردی ڕاگەیاند ( 14ی تشرینی دووەمی 2020)، "بەم نزیکانە ناوەندەکانی هەماهەنگی نێوان سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە لەبەغدا و هەولێر دەست بەکارەکانیان دەکەن، دواتریش ناوەندەکانی تر دەستبەکار دەبن".

 

وتیشى "دوای دەستبەکاربوونی ئەو دوو ناوەند، بڕیارە لە قۆناغی دووەمدا ناوەندەکانی شنگال، کەرکوک، خۆرماتوو، خانەقین دەستبەکاربن".

 

لیوا قارەمان باسى لەوەشکرد، "لە ئێستادا وەزارەتی پێشمەرگە ناوی ئەندامانی پاڵێوراوی خۆی بۆ ناوەندەکەی بەغدا ناردووە و بڕیارە وەزارەتی بەرگریی عێراقیش ناوەکانی ئەندامانی خۆی بۆ ناوەندی هەماهەنگی  هەولێر بنێرێت، دواى تەواوبوونى ئەو هەنگاوە ناوەندەکان دەستبەکاردەبن".

 

هەردوو وەزارەتى پێشمەرگە و سوپاى عێراق (13 تشرينى یەکەمى 2020) لەسەر سێ خاڵ رێککەوتن، بەمەبەستى هەماهەنگى هاوبەش لەناوچە جێناکۆکەکان و پێکهێنانى سەنتەرەکانى هەماهەنگى ئەمنى هاوبەشى نێوان هەولێر و بەغدا.  

 

پێشتر تەحسین خەفاجی، وتەبێژی ئۆپڕاسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق بە ناس کوردی ڕاگەیاندبوو "هەماهەنگی تەواو لە نێوان هێزی پێشمەرگە وسوپای عێراقدا هەیە، ولە ماوەیەکی نزیکدا هەموو ناوەندەکانی هەماهەنگی نێوانمان کە لە دەرئەنجامی کۆبوونەوەکانی ئەمساڵدا بڕیاریان لە سەردراوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە".

 

وتیشى "هیچ کێشەیەک لە گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆکەرکوک وجێگیرکردنیان لە سەربازگەی( کەی وەن) نییە، بەڵام هەردوولامان لەسەرئەو ڕێککەوتووین کە دەبێت  جارێ ئەو پرسە هەندێک دوابخەین".