ناس کورد-
کەشناسێکى عێراقى پێشبینیدەکات شەپۆلێکى بارانبارین ڕوو لە عێراق بکات و لە بەشێک لە ناوچەکان بەتایبەتى شارەکانى هەرێمى کوردستان بارانبارین تا ڕۆژى سێ شەممە بەردەوام دەبێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
سادق عەتیە کەشناسى دیارى عێراقى (شەممە 14ى تشرینى دووەمى 2020) بڵاویکردوەتەوە، نەخشە کەشناسیەکان باس لەوەدەکەن لەم هەفتەیەدا بارودۆخى کەشوهەوا ناسەقامگیر دەبێت و نزمە پاڵەپەستۆیەک و ناشەقامگیریەکى ڕێژەیى دەستپێدەکات، بەڵام سەرجەم شار و ناوچەکان ناگرێتەوە.
باسى لەوەشکردوە، شەپۆلەکە لەم شەوەوە لەوپەڕى خۆرئاواى عێراق لە بەشى قائیم دەستپێدەکات و لەناوچە سنوریەکان لەگەڵ سعودیە بارانبارین دەستپێدەکات، لەماوەى کاتژمێرەکانى دوانیوەڕۆى ڕۆژى یەکشەممە یاخود سەرلەئێوارە بارانێکى کەم ڕوو لە پاڕێزگاى زیقار و دواتر بەسرە دەکات و شەوەکەشى دەگاتە باشورى میسان، نیوەڕۆى ڕۆژى دوو شەممەش دەرفەتى بارانبارین ڕوو لە ناوچەکانى شارى بەسرە دەکات.
سادق عەتیە باسى لەوەشکردووە، شەوى یەکشەممە شەپۆلێکى بارانبارینى مامناوەند ڕوو لە ناوچەکانى خۆرئاواى ئەنبار و خۆرئاواى نەینەوا دەکات، دواتر بەیانیەکەى روو لە کەرکوک و هەولێر و دهۆک دەکات و ئێوارەکەشى لەوانەیە بگاتە سلێمانى.
ئەو کەشناسە هێماى بۆ ئەوەشکردووە، بارانبارین ڕۆژى دوو شەممە لە دهۆک و سلێمانى بەردەوام دەبێت لەنێوان سوک و بارانى تونددا، بارانبارین لە هەندێک لە ناوچەکانى باکور شێوازێکى بەردەوامى پێوە دیار دەبێت و هەندێک هەورەتریشقەشى لەگەڵ دەبێت.