ناس کورد-
وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند، ڕووداوی کوشتنی دوو گەنجەکەی شەوی ڕابردووی سلێمانی لەسەر هاوارکردن بووە بۆ فرۆشتنی دۆ و دەشڵێت، تائێستا هیچ شتێکیان دەستنەکەوتووە کە کوشتنی شۆخان فایەق و خۆکوشتنی کەسەکەی دوکان پەیوەندیان بەیەکەوە هەبووبێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا (شەممە 14ی تشرینی دووەمی 2020) ڕایگەیاند: "لەسەر ڕووداوەکەی شەوی رابردووی سلێمانی دوو کەس دەستگیرکراون و دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە."
زیاتر بخوێنەوە: باوکی یەکێک لە گەنجە کوژراوەکانی سلێمانی: لە خەودا خەبەریان کردمەوە
وتیشی، "بەوتەی تۆمەتبارەکان شەڕەکە لەسەر ئەوە دروستبووە کە یەکێک لەوێدا دۆی فرۆشتووە و هاواری بۆ دۆ کردووە، ئەوانیش وتویانە بۆ ئەوەندە هاوار دەکەیت و دواتر بووە بە دەمەقاڵێ و ئەو ڕووداوەی لێکەوتووەتەوە."
ڕوونیشیکردووەتەوە: "ئەوەی تائێستا هەیە لەسەر ڕووداوەکە ئەوەیە بە وتەی تۆمەتبارەکان، ئیتر نازانین ئەگەر کێشەی دیکەیان لەنێواندا هەبووبێت پێشتر."
هاوکات دەربارەی ڕووداوەکەی چەند ڕۆژی ڕابردووی کوژرانی شۆخان فایەق و خۆکوشتنی کەسەکەی دوکان، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد: "تاوەکو ئێستا هیچ شتێکمان دەستنەکەوتووە کە ئەوو ڕووداوە پەیوەندی بەیەکەوە هەبێت و لە لێکۆڵینەوەکانیش بەردەوامین و پەلەمان نییە."
سەرکەوت ئەحمەد باسی لەوەشکرد، لە ڕووداویکی دزیکردندا لەماوەی ڕابردوودا لە سلێمانی، دوو کەس هەستابوون بە دزینی سندوقی خێری نەخۆشخانەی هیوا و دەستگیرکراون.