ناس کورد-
ئەندامێکی سەرکردایەتیی پارتی ڕایگەیاند، ئهوهى پێنجشەممەی ڕابردوو لە پەرلەمانی عێراق ڕوویدا لهبڕینی مووچهو قوتی خهڵكی كوردستان بڕیاری ههڵوهشاندنهوهى عێراقه بهدهستی خۆیان و ئەنجامەکەی دەبینن، دەشڵێت، بەدرێژایی 100 ساڵی ڕابردوو، حکومڕانی گیرۆدەی کاربەدەستی نەزان نەبووە.
ئهحمهد كانی، ئهندامی ئهنجومهنى سهركردایهتیى پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبوک ڕایگەیاند: " عێراق سەد ساڵە کراوەتە دەوڵەت، دەوڵەتێکی لکێنراو بەیەك لەسەر بنەمایەکی بەتاڵ لەدەرەوەی ئیرادەی پێکھاتە نەتەوەیی و ئایینی و مەزھەبی و ئیتنیەکانی، بۆماوەی 80 ساڵ تاکڕەوانە لەلایەن عەقڵیەتێکی شۆڤێنی عەرەبی سوننی قەومیچی نیمچە مەزھەبی فەرمانڕەوایی دەکرا تابەو عەقڵیەتە گەیشتە لێواری داڕمان و لەئاکامیش عێراق کەوت و زەرەرمەندی یێکەمیش گەلانی عێراق بون و بوونە قوربانی سیاسەتە چەوت و بێسەروبەرەکانی فەرمانڕەواکانی "
ئاماژەی بەوەشكردووە: " لە 2003 لەدوای ئازادکردنی عێراق و بەپاڵپشتی ئیقلیمی ئەمجارە لە جیاتی ئەوەی دەرس لەڕابردوو وەربگرن و ھەڵەکان دووبارە نەکەنەوە کەچی دیسانەوە تاکڕەوانە لەلایەن عەقڵیەتێکی شۆڤێنی شیعی قەومیچی فوول مەزھەبی ئەوە بۆ 20 ساڵ دەچێت فەرمانڕەوایی دەکرێت ."
ئهندامەکەی ئهنجومهنى سهركردایهتیى پارتی باسی لەوەشکردووە: " بەدرێژایی ئەو سەد ساڵەی حوکمڕانی بەم شێوەیەی ئێستای جێگای سەرنج و مەسخەرەو گەمژەیی کاربەدەستانی و گیرۆدەی نەزانی حزبە سەر لێشێواوەکانی نەبووە، بەتایبەتی ئەوانەی بەحیسابی خۆیان سیاسەت دەکەن،
ئەو بەرپرسەی پارتی جەختیکردووەتەوە: "ئەوەی رۆژی پێنجشهممهى رابردوو لەپەرلەمانی عێراق دژ بەکوردو کوردستان گوزەرا ھیچ عەقڵیەتێکی سیاسی قبوڵی ناکات ، ئایا عێراقێکی بەھێزی یەکگرتووی یەکسان بۆ ھەموان لەھاولاتیبون بەم شێوەیە بینادەکرێت، ئەوەی ڕوویدا بڕیاری ھەڵوەشاندنەوەی عێراقە بەدەستی خۆیان جا ئەمڕۆ بێت یا سبەی دەرەنجامەکەی بە دیار دەکەوێت ."
ئهحمهد كانی دهشڵێت: " پرسیاری گرنگی ئێمە لە دۆست و ھاوپەیمانەکانمان ئەوەیە ئایا تاکەی قەناعەتتان وایە بەم عەقڵیەتە شۆڤێنیەی فەرمانڕەوایانی عێراقی کە لەماوەی سەد ساڵدا تۆزقاڵێکیش گۆڕانکاری بەسەردا نەھات دەتوانرێت پارێزگاری لە عێراقێکی داڕماوی نەفسیەت نەخۆشی بێوجود بکرێت ."
لهكۆتایی نوسینەکەیدا بەرپرسەکەی پارتی رایگهیاندووه: "ئێستا لە دوێنێ زیاتر بۆتان دەرنەکەوت کەھۆکارەکانی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی کوردستان نەگونجانە لەگەڵ عەقڵیەتی شۆڤینیستی عەرەبی بەمۆدێرنیزمی مەزھەبیەوە باشترین بەڵگەش بڕیارەکانی پێنجشهممهى رابردووی پەرلەمانی عێراقە ."
ئەوەش لەکاتێکدایە، بهرهبهیانی رۆژی پێنجشهممهی رابردوو، بهبێ رهزامهندی نوێنهرانی كورد لە پەرلەمانی عێراق دهنگ لهسهر یاسای پارهداركردنی كورتهێنانی دارایی درا و نوێنەرانی کوردیش لە بەغدا بەشداری دانیشتنەکەیان نەکرد.