گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هۆشدارى دەدرێت

ڕونکردنەوەى بەرپرسێکى وەزارەتى تەندروستى لەبارەى گیانلەدەستدانى گەنجان بە کۆرۆنا

2020.11.13 - 19:29
App store icon Play store icon Play store icon
ڕونکردنەوەى بەرپرسێکى وەزارەتى تەندروستى لەبارەى گیانلەدەستدانى گەنجان بە کۆرۆنا

ناس کورد-

بەرپرسێک لە وەزارەتى تەندروستى حکومەتى هەرێمى کوردستان هۆکارەکانى گیانلەدەستدانى گەنجانى بە پەتاى کۆرۆنا دیارى کرد و ئاشکراى دەکات کە ڕۆژانە نەخۆشى گەنج گیرۆدەى پەتاکە دەبن و هەندێکیان گیانلەدەست دەدەن.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

د.داهات حەوێزى، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی جمهوری سلێمانی تایبەت بە کۆڕۆنا، لەمیانەى بڵاوکردنەوەى بابەتێک لە هەژمارى خۆى لە فەیسبوک کە ناس کورد بینیوویەتى ڕایگەیاند (13ى تشرینى دووەمى 2020)، لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا وامان ئەزانی کۆڕۆنا تەنها کاریگەری لەسەر کەسانی بەساڵاچوو دەکات بەڵام ئێستا وا دیار نیە، ڕۆژانە نەخۆشی گەنج گیرۆدەی پەتاکە دەبن و بەداخەوە هەندێکیان گیان لەدەست ئەدەن.

 

د.داهات حەوێزى گرنگترین ئەو هۆکارانەى دیارى کردووە کە دەبنە هۆی تێکچونی تەندروستی گەنجان و گیان لەدەستدانیان بەهۆی ئەم ڤایرۆسە، ئەوانیش:

 

١) هەندێک لەو نەخۆشە گەنجانە خۆیان نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە وەکو شەکرە و زەخت و نەخۆشی دڵ و شێرپەنجەکان بەمەش نەخۆشیەکەیان لەسەر قورستر ئەبێ

 

٢)سترێس و دڵەڕاوکێ و تۆقین لە کۆڕۆنا هۆکارێکی زۆر دیارە لە گەنجان، چونکە سترێس هۆڕمۆنی کۆرتیزۆڵ زیاددەکات کە بەرگری لەش دائەبەزێنێ، ترسی لەڕادەبەدەر خوێن خەست ئەکاتەوە و ڕێژەی دی دایمەر (D DIMER) لە خوێنا زیاددەکات کە مەترسی جەڵتەی سیەکان زیاددەکات، هەروەها هەموو کەسێک کاتێک زۆر ئەترسێ شپرزه ئەبێ و هەناسەی زۆر توند ئەبێ و جەستەی هاوکاری ناکات بۆ سوود وەرگرتن لە چارەسەرە دەرمانیەکان.

 

٣) زۆرێک لەو گەنجانە دوای تووشبونیان بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا خۆیان فەرامۆش ئەکەن و درەنگ دێن بۆ نەخۆشخانە بەمەش هەوکردنەکە زیاتر تەشەنە دەکات و ئیتر سوود لە پلازما و چارەسەرە تایبەتەکانی کۆڕۆنا نابینن.

 

٤)دەستنیشان کردنی هەڵە ( ئەمە گرانەتایە یان پەتای وەرزیە! ) و هەروەها وەرگرتنی چارەسەری هەڵە لەڕێگای سۆشیاڵ میدیاوە بۆ کۆڕۆنا هۆکارێکی تری خراپ بوونی تەندروستی ئەو کەسانەیە چونکە هەموو نەخۆشێک تایبەتمەندی خۆی هەیە و لە کەسێکی تر ناچێ بۆ وەرگرتنی چارەسەر.

 

٥) پڕبوونی نەخۆشخانە حکومیەکان و نەمانی شوێن لە بەشی چاودێری وورد هۆکارێکی گرنگە کە ناتوانین ژیانی گەنجان ڕزگار بکەین.

 

٦)هۆکاری بۆماوەیی لەوانەیە ڕۆڵی هەبێ لە قورسبوونی حاڵەتەکە لەسەر هەندێ گەنج، تێبینی ئەوە کراوە هەندێ جار هەموو ئەندامانی یەک خێزان بە قورسی نەخۆشیەکە ئەگرن و خێزانێکی تر بەسووکی نەخۆشیەکە تێدەپەڕێنن.