ناس کورد-
وتاربێژ و پێشنوێژی مزگەوتێک لە ناحیەی حەریر لە هەولێر دەڵێت، بەهۆی ئەوەى لە وتاردا قسەى لەسەر سوکایەتییەکانی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکى فەڕەنسا کردووە لەدژی ئیسلامی، وەزارەتی ئەوقاف ئاگاداریان کردووەتەوە چیتر وتار نەدات، وتەبێژی ئەوقافیش ڕەتی دەکاتەوە لەسەر ئەوە بوو بێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
فەرزندە مزوری، پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی قەڵاتەسوور لە ناحیەی هەریر له گرتهیهكی ڤیدیۆییدا به نوێژخوێنانی مزگهوتهكهی دهڵێت، "ئێمە باسمان بەو سوکایەتییانهی ئیمانوێل ماکرۆن کردووە کە بەرامبهر پێغەمبەری خودا و ئیسلام (د.خ) کردویەتی، وتومانە موسڵمانان نابێ ئەو سوکایەتیە قەبوڵ بکەن."
دەشڵێت، "لەسەر ئەو قسانە لەلایەن ئەوقافەوە بڕیاری لادانمان بۆ دەرکراوە کەوا واز لە ووتاردان بێنین و بە بڕیارێک لە بەیانیەوە لە ووتاردان دوورخراومهتهوه."
هاوکات نەبەز ئیسماعیل، وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف وکاروباری ئاینی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەوباریەوە بە ناس کوردی (13ی تشرینی دووەمی 2020) ڕاگەیاند، "دوورخستنەوەی ئەو مامۆستا ئاینییە پەیوەندی بە وتاردان دژ بە ئیمانویل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنساوە نییە، بەڵکو بابەتەکە تەنها بابەتێکی کارگێرییە".
ڕوونەکردنەوەکەی وتەبێژی وهزارهتی ئهوقاف لە کاتێکدایە کە لەتۆڕکۆمەڵایەتییەکان ئەوە بڵاوبووەتەوە کە گوایە وەزارەتی ئەوقاف، مامۆستا ئاینییەکەی ناحیهی ههریری سهر به قهزای شهقلاوه لەسەر ئیدانهكردنی سووكایهتییهكانی سهرۆكی فەڕەنسا به ئاینی ئیسلام و پێغهمبهر (د.خ)، لە ووتاردان دوورخستوەتەوە.
مانگی ڕابردوو بەهۆی بڵاوکردنەوەی وێنەی کاریکاتێری پێغەمبەری ئیسلام ( د.خ ) مامۆستایەکی مێژوو لەفەرەنسا لەسەردەستی گەنجێگی موسڵمان سەربردرا، وەک کاردانەوەێک لەسەر ڕووداوەکەش سەرۆکی فەرەنسا ڕایگەیاند، ئەوان بەردەوام دەبن لەسەر بڵاوکردنەوەی ئەو وێنانە وزاراوەی تیرۆری ئیسلامی دایە پاڵ موسڵمانان، ئەوەش وایکرد کاردانەوەیەکی زۆرلەسەر پرسەکە لە جیهانی ئیسلامیدا بەدوایخوێدا بهێنێت.