گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’60 هەزار دینار بێنە’’

زیاتر لە دوو ملیۆن دۆلار لە خوێندکارانی نوێی خوێندنی باڵا وەردەگیرێت (تایبەت)

2020.11.10 - 23:01
App store icon Play store icon Play store icon
زیاتر لە دوو ملیۆن دۆلار لە خوێندکارانی نوێی خوێندنی باڵا وەردەگیرێت (تایبەت)

ناس کورد-

وەرگرتنی 60 هەزار دینار لە خوێندکارانی وەرگیراو لە زانکۆ و پەیمانگاکانی هەریم بووەتە بارگرانی لەسەر خوێندکاران، ئەو پارەیە لەساڵی 2016وە وەردەگیرێت و بۆ ئەمساڵ دەگاتە زیاتر لە دوو ملیۆن و 500 دۆلار، خوێندکارێک دەڵێت، خوێندکار دەناسێت وازی لە مامەڵەکەی هێناوە چونکە ئەو پارەیەی پێنەبووە.  

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ساڵانە دەیان هەزار خوێندکار لە زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێم وەەدەگیرێن و لەو زانکۆیەی کە وەرگیراون مامەڵە ئەنجامدەدەن و ناویان تۆماردەکرێت، پێشتر ئەو مامەڵەیە بە بێبەرامبەر بوو، بەڵام لەدوای ساڵی 2015وە لەبەرامبەر ئەنجامدانی مامەڵەکەدا بڕی 50 هەزار دینار لە خوێندکار وەردەگرێت و لەئێستادا بڕی 10 هەزار دیناری بۆ دروستکردنی باجیش لێوەردەگیرێت.



لەمساڵدا زیاتر لە 50 هەزار خوێندکار لە زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێم وەرگیراون و هەر یەکێک لەو خوێندکارانە لە بەرامبەر مامەڵەکەیدا 50 هەزاری لێوەردەگیرێت و 10 هەزار دیناریش بۆ باجەکەی، کە گۆی گشتیی پارەکە دەکاتە زیاتر لە دوو ملیۆن و 500 هەزار دۆلار (سێ ملیار دینار).

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕەخنە لە وەرگرتنی ئەو پارەیە دەگیرێت و بە دروستکردنی بارگرانی لەسەر شانی خوێندکاران و کەسوکاریان دادەنرێت.



محەمەد ئەحمەد خدر، خوێندکارێکی تازە وەرگیراوە و دەڵێت: "منداڵە پێشمەرگە دەناسم هەموو مامەڵەکەی تەواوکردووە کە داوای پارەیان لێکردووە یەکسەر مامەڵەکەی بردووەتەوە و تەسلیمی نەکردووە، چونکە پێی نەبوو بیدات."



دانەر دڵشاد، خوێندکارێکی دیکەی تازە وەرگیراوە لە زانکۆیەکی هەرێم، ئەویش بەهەمانشێوە دەڵێت: "لەکاتی ئەنجامدانی مامەڵەکەمدا خوێندکارم بینیوە کە گەیشتووەتە کاتی پارە وەرگرتنەکە مامەڵەکەی وەرگرتووەتەوە و پارەکەی پێنەبووە بیدات."


وەرگرتنی پارەکە بەناوی ئەنجامدانی مامەڵە و کارە ئیدارییەکان و دروستکردنی باجە، ناس کورد پەیوەندیکرد بە وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا، بەڵام ناوبراو ئاگاداری وردەکاری وەرگرتنی پارەکە نەبوو.



موسلیم عەبدوڵا قەسرێ، جێگری سەرۆکی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان بە ناس کوردی وت: "تاوەکو ئێستا ئەو پرسەمان لە لیژنەکەمان باس نەکردووە و ئاگاداریش نەکراوینەتەوە کە بارگرانی لەسەر خوێندکار دروستکردبێت تاوەکو بەدواداچوونی بۆ بکەین."



وتیشی: "بێگومان ئەگەر بەوشێوەیە بێت لە کۆبوونەوەی داهاتووی لیژنەکەماندا باس لەو گرفتە دەکەین و هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی بارگرانی لەسەر شانی خوێندکاران لاببەین، بەتایبەت لەم دۆخە داراییە خراپەی کە هەیە."



وەرگرتنی ئەو بڕە پارەیە لەلایەن حکومەتەوە لە خوێندکاران لەکاتێکدایە، پێش ساڵی 2015 جگە لەوەی ئەو پارەیە لە خوێندکار وەرنەدەگیرا، مانگانە بڕێک دەرماڵەشی پێدەدرا.


دلۆڤان فایەق مەحمود، مامۆستای زانکۆ زانکۆ لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبوک وەک ڕەخنەیەک لە حکومەت نوسیویەتی: "جاران حکومەت دەرماڵەی دەدا بەخوێندکارانی زانکۆ، ئێستا خوێندکارانی زانکۆ دەرماڵە دەدەن بەحکومەت."