گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

عێراق دڵنیایی دەدات لەبارەى موچە

حکومەتی عێراق: موچەی هەرێم دەنێرین

2020.11.10 - 22:42
App store icon Play store icon Play store icon
حکومەتی عێراق: موچەی هەرێم دەنێرین

ناس کورد-

وتەبێژی حکومەتى عێراق دڵنیایی دا لەوەى تاوەکو پەسەندکردنی بودجەى گشتیی2021ی عێراق، ناردنی 320 ملیار دینارەکەى هەرێم بەردەوام دەبێت و هیچ گۆڕانکارییەک نەکراوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   


ئەحمەد مەلا تەڵاڵ، وتەبێژی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنوسیدا کە ناس کورد بەدواداچوونی بۆ کردووە (10ی تشرینی دووەمی 2020) دەڵێت، تائێستا هەردوو حکومەتى هەرێم و بەغدا پابەندی ڕێککەوتنەکەى نێوانیانن بە ناردنی 320 ملیار دینار بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەبەرامبەر پابەندبوونی هەرێم بە ڕادەستکردنی نەوت و 50%ی داهاتی گومرگ و دەروازەکان.

 

جەختی کردەوە کە "ئەو ڕێککەوتنە بەردەوامە و تاوەکو پڕۆژەیاسای بودجەی 2021 پەسەند دەکرێت کاری پێ دەکرێت، جگە لەمە هیچ شتێکی دیکە نییە".

پێتشر ئەندامێکی لیژنەى دارایی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند، ڕاستە بەپێی ڕێککەوتنی هەرێم و بەغدا، حکومەتى فیدڕاڵی عێراق پابەندە بە ناردنی 320 ملیارەکەى هەرێم بۆ مانگەکانی داهاتوو.  

  

لیزا فەلەکەدین کاکەیی، ئەندامی لیژنەی دارایی و کاروباری ئابووری لە پەرلەمانی کوردستان لە پۆستێکی فەیسبوکدا کە ناس کورد بەدواداچوونی بۆ کردووە (9ی تشرینی دووەمی 2020) دەنوسێت، بەهۆی پەسەندنەکردنی یاسای بودجەی ساڵی 2020 لەلایەن حکومەت و پەرلەمانی عێراقەوە، لە ئێستادا کاروباری ئیدارەی دارایی حکومەتی فیدرال بەپێی ماددە و برگەکانی یاسای ئیدارەی دارایی فیدرالی ژمارە (6)ی ساڵی 2019 بەرێوەدەچێت، بۆیە رێککەوتنەکەی نێوان هەرێم و بەغداد لە چوارچێوەی بنەماکانی ئەم یاسایە رێکخراوە."  

  

ڕونیکردووەتەوە کە "ئەگەرچی لە بڕگەی (2)ی رێککەوتنەکەدا هاتووە کە بڕی ئەو 320 ملیار دینارە تەنها بۆ مانگەکانی (ئاب، ئەیلول، تشرینی یەکەم)ـە بەڵام لە بڕگەی (7)ی رێککەوتنەکەدا هاتووە کە ئەو خاڵانەی رێککەوتنیان لەسەر کراوە تاکو پەسەندکردنی یاسای بودجەی فیدرالی بەردەوام دەبێت."  

  

دەشڵێت، "ئەمەش بەو واتایەی حکومەتی فیدراڵ پابەندە بە ناردنی 320 ملیار دینارەکە بۆ هەرێم تاوەکو پەسەندکردنی یاسای بودجەی نوێی عێراق."