گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

رێککەوتنی حکومەت و پەرلەمان

نوێترین زانیاری لەبارەی دابەشکردنی موچە

2020.11.10 - 09:04
App store icon Play store icon Play store icon
نوێترین زانیاری لەبارەی دابەشکردنی موچە

ناس کورد-

بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ حکومەت رێککەوتوون پێش پەسەندکردنی پرۆژەی قەرز، موچەی فەرمانبەران دابەشبکرێت.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ئەحمەد سەفار (١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠) بە رۆژنامەی سەباحی فەرمی عێراقی راگەیاندووە کە  ناس کورد بەدواداچوونی بۆ کردووە، لەکۆبوونەوەیەکەیان لەگەڵ مستەفا کازمی سەرۆک وەزیران رێککەوتوون کە دابەشکردنی موچە دەستپێبکات پێش پەسەندکردنی یاسای قەرز لە کۆتایی ئەم ھەفتەیەدا.

 

وتیشی "لیژنەیەک لەنێوان حکومەت و پەرلەمان پێکھێنراوە بۆ تاوتوێکردنی کێشە و پێشھاتە لەناکاوەکان.

 

مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دوێنێ تویتێکی لەبارەی دۆخی دارایی و موچەی فەرمانبەرانەوە کرد و دەڵێت، لەگەڵ پەرلەمان ھەماھەنگی دەکەن بۆ ئەنجامدانی ڕێکارە داراییەکان بۆ دابەشکردنی موچە.  

  

کازمی لە تویتێکیدا کە بە زمانی کوردیش بڵاوی کردووەتەوە و ناس کورد بەدواداچوونی بۆ کردووە (٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠) دەڵێت، "ھەندێک لەھەوڵدان قەیرانی سیولەی دارایی بکەنە بابەتێکی سیاسی. بەڵام لێکگەیشتن ھەیە لەنێوان حکومەت و دارایی پەرلەمان کە ھۆکارەکە کەڵەکەبوونی ھەڵەکانە و لەپلانی "وەرەقەی سپی" چارەسەرمان بۆ داناوە."  

  

دەشڵێت، "خوازیاری ھاوکاری پەرلەمانین بۆ تێپەڕاندنی رێوشوێنەکانی دەستپێکردنی خەرجکردنی مووچە."  

 

دوێنێ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ مستەفا کازمی کۆبووەوە و رەزامەندیان لەسەر ١٥ ترلیۆن دینار قەرزی موچەدا و داواشیان لە حکومەت کرد دەستبکات بە دابەشکردنی موچە.  

  

کۆبوونەوەکە بۆ یەکلاییکردنەوەی مشتومڕەکانی نێوان پەرلەمان و حکومەت بوو لەسەر پڕۆژەی قەرزی موچە کە حکومەت داوا لە پەرلەمان دەکات پەسەندی بکات بەمەبەستی گرەنتریکردنی دابەشکردنی موچە.     

  

جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمان رایگەیاند "کازمی پێی وتین من ھاتوومەتە سەر حکومەتێکی داڕماو بۆیە ئێمە پێویستمان بە ئێوەیە".    

  

جەمال کۆچەر کە سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووە (٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠) لە لێدوانێکیدا بۆ میدیای فەرمی حزبەکەی کە ناس کورد بەدواداچوونی بۆ کردووە رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکە بڕیاردرا بە پێکھێنانی لیژنەیەک لە نێوان لیژنەی دارایی پەرلەمان، وەزارەتی دارایی و وەزارەتی پلاندانان بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشە داراییەکانی عێراق.    

  

وتیشی "کازمی لە کۆبوونەوەکەدا داوایکرد رەزامەندی بدەن لەسەر ئەو بڕە قەرزەی حکومەت داوایکردووە، بەڵام پەرلەمانتاران ئەو بڕە قەرزەیان رەتکردووە، تەنھا لەسەر بڕی ١٥ ترلیۆن دینار قەرزکردن رازی بووین، کە بڕیارە رۆژی چوارشەممە لە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر پرۆژە یاسایەکە بدرێت".    

  

لە پڕۆژەکەدا حکومەت داوای ٤١ ترلیۆن قەرزی کردووە بۆ گرەنتیکردنی موچە، بەڵام پەرلەمان رەزامەندی نەداوە لەسەر ئەو بڕە.    

  

ئەحمەد سەفار بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند "لەم ھەفتەیەدا پڕۆژەکە پەسەند دەکرێت و حکومەت دەستدەکات بە دابەشکردنی موچە".    

  

سەفار لەلێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی فورات نیوزی عێراقی کە ناس کورد بەدواداچوونی بۆ کردووە وتی "بە وەزیری داراییمان وتووە دەستبکات بە دابەشکردنی موچە تا پەسەندکردنی پڕۆژەکە لە کۆتایی ئەم ھەفتەیەدا".    

  

جەختیشیکردووەتەوە، پەسەندکردنی پڕۆژەکە بەو بڕە نابێت کە حکومەت داوایدەکات، ئەوەی پێویستە رەزامەندی لەسەر دەدرێت، ئەوەی دیکەی دوادەخرێت بۆ بودجەی ساڵی داھاتوو.