گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

حکومەتى هەرێم خۆی بێ بەری دەکات: دورخستنەوەى پەکەکە لە شنگال ئەرکی بەغدایە

2020.11.09 - 23:09
App store icon Play store icon Play store icon
حکومەتى هەرێم خۆی بێ بەری دەکات: دورخستنەوەى پەکەکە لە شنگال ئەرکی بەغدایە

ناس کورد-

وتەبێژ حكومەتى هەرێمى كوردستان دەڵێت، دوورخستنەوەى پەكەكە و هێزەكانى ديكەى لە شنگال ئەركى بەغدايە و هيچ پەيوەندييەكى بە حكومەتى هەرێمەوە نييە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

جوتيار عادل لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو کە ناس کورد بەدواداچوونی بۆ کردووە دەڵێت هێشتا وادەى جێبەجێكردنى رێككەوتنەكە لەلايەن بەغداوە ديارينەكراوە و ڕایگەیاند، "ڕێككەوتنەكە جەخت لەوە دەكاتەوە كەدەبێت پەكەكە و سەرجەم هێزە پەيوەنديدارەكانى ناوچەكە جێبهێڵن".

 

وتیشی، "دوورخستنەوەى پەكەكە و هێزەكانى ديكەى لە شنگال ئەركى بەغدايە و هيچ پەيوەندييەكى بە حكومەتى هەرێمەوە نييە".

 

جوتيار عادل باسى لەوەش كرد كە لە ڕێككەوتنەكەدا ئاماژە بە ئەنجامدانى ئۆپەراسيۆنى سەربازيى هاوبەش لە ناوچەكە نەكراوە و وتی، "ئۆپەراسيۆنەكان و ئاسايشى ناوخۆيى شنگال لە كۆنترۆڵى بەشى شنگالى پۆليسى فيدراڵى عێراق دەبێت".

 

هاوکات حەیدەر شەشۆ رایگەیاند، تائێستا رێککەوتنى شنگال جێبەجێنەکراوە و هەریەکە لە حەشدى شەعبى و پەکەکە رێگرى دروستدەکەن، بەڵام پێویستە هەرێم و بەغدا بجوڵێن بۆ جێبەجێکردنى.  

  

حەیدەر شەشۆ، فەرماندەى هێزەکانى پاراستنى شەنگال (8ی تشرینی دووەمی 2020) بە ناس کوردى راگەیاند، "هێشتا رێککەوتنى هەرێم و بەغدا لەسەر ئەرزى واقیع جێبەجێنەکراوە، پێویستە پەلە بکرێت لە جێبەجێکردنى".  

  

وتیشى "رێککەوتنەکە پێویستە بۆ ئاساییکردنەوەى دۆخى قەزاکە، گەڕانەوەى ئاوارەکان، دانانى ئیدارەیەک بۆ بەڕێوەبردنى کاروبارەکان".  

  

حەیدەر شەشۆ جەختیکردەوە، لەلایەن حەشدى شەعبی و پەکەکەوە ڕێگرى بۆ جێبەجێکردنى رێککەوتنەكه‌ دروستدەکرێت، بەڵام پێویستە هەرێم و بەغدا کار بکەن بۆ ئەوەى هەرچى زووە جێبەجێ بکرێت.  

  

ڕۆژی ھەینی (9ی تشرینی یەکەمی 2020)، ھەردوو حکومەتی عێراق و ھەرێمی کوردستان ڕێککەوتنێکیان بۆ ئاسایی کردنەوە دۆخی شنگال واژوو کرد و ڕێککەوتنەکەش بە مێژوویی وەسفکرا.          

  

بەپێی دەقی ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی عێراق و ھەرێمی کوردستان بەناوی "ڕێکەوتنی گەڕانەوەی سەقامگیری و ئاساییکردنەوەی بارودۆخ لە قەزای شنگال" کە بە سێ تەوەر جیاکراوەتەوە و کۆپیەکی دەست ناس کورد کەوتووە، لە تەوەری ئیدارییدا ھاتووە، قایمقامێکی نوێ بۆ شنگال دیاریدەکرێت کە کەسێکی دەستپاک و پیشەیی و سەربەخۆ بێت و قبوڵکراو بێت، لەلایەن لیژنەی پێکھێنراوی ھاوبەش پۆستە ئیدارییەکانی تر دادەنرێت و پێویستە پیشەیی بوون و دەستپاکی و پێکھاتەی کۆمەڵایەتی لەبەرچاو بگیرێت.         

  

لە دەقی ڕێککەوتنەکە کە لە بەرورای 1ی تشرینی یەکەمی 2020 لەلایەن حەمید ڕەشید فلەیح، وەکیلی سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی بە نوێنەرایەتی حکومەتی ناوەند و ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی ھەرێم واژۆکراوە، سەبارەت بە میحوەری ئەمنی ڕونکراوەتەوە، پۆلیسی ناوخۆیی و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و ھەواڵگری بەرپرسیارێتی ئاسایشی قەزاکە دەگرنە ئەستۆ.         

  

باسلەوەشکراوە، سەرجەم پێکھاتە چەکداریەکانی تر دەکرێنە دەرەوە و ٢٥٠٠ ئەندام بۆ ھێزی ئاسایشی ناوخۆیی دادەنرێن و ئاوارەکانی خێوەتگەکان کە خەڵکی شنگالن بەشداریان پێدەکرێت، ھەروەھا کۆتایی بەبوونی پەکەکە لە شنگال و دەوروبەری دەھێنرێت و بونیان نامێنێت لەناوچەکە.