گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕاگەیەنراوێکی هاوبەش لە پارتی و یەکێتییەوە بۆ ڕای گشتی

2020.11.09 - 19:25
App store icon Play store icon Play store icon
ڕاگەیەنراوێکی هاوبەش لە پارتی و یەکێتییەوە بۆ ڕای گشتی

ناس کورد-

کۆبوونەوەی نێوان مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی لە هەولێر کۆتایی هات و لە ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشدا جەختیان کردەوە لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی سیاسیی نێوانیان و پرسی لامەرکەزی.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لە ڕاگەیەنراوی كۆبونه‌وه‌ی هاوبه‌شی پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان کە کۆپییەکی دەستی ناس کورد (9ی تشرینی دووەمی 2020) کەوتووە دەڵێت، "تیشك خرایه‌ سه‌ر بارودۆخی سیاسی به‌گشتی و بارودۆخی عێراق و هه‌رێمی كوردستان و ئه‌و گیروگرفتانه‌ی به‌رۆكی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانیان گرتوه‌، به‌تایبه‌تی له‌ڕوی ئابوری و داراییه‌وه‌ كه‌ به‌هۆی لێكه‌وته‌كانی بڵاوبونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆناوه‌."

 

کۆبوونەوەکە "به‌ سه‌رپه‌رشتیی به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و به‌ ئاماده‌بونی به‌ڕێز بافڵ تاڵه‌بانی، هاوسه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان" بووە.

 

ئاماژەى بەوەشکردووە، "شاندی هه‌ردولا گفتوگۆی ڕاشكاوانه‌ و به‌رپرسانه‌یان له‌سه‌ر كۆی پرسه‌كان كرد و دوپاتی به‌رپرسیاریه‌تیی هاوبه‌شیان به‌رامبه‌ر پرۆسه‌ی سیاسی و حوكمڕانی له‌ هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه‌."

 

"هه‌ردولا كۆك بون كه‌ پێویسته‌ پێكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستان هه‌نگاوی جددی و كرده‌یی بنێن بۆ چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كانی نێوانیان و هه‌مو تواناكانیان بخرێنه‌ گه‌ڕ بۆ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ئه‌م بارودۆخه‌ و پشتیوانیی دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بۆ خزمه‌تكردنی هاوڵاتیان."

 

دەشڵێت، "بارودۆخی ئه‌منیی هه‌رێمی كوردستان و ڕێزگرتن له‌ قه‌واره‌ی سیاسی و ده‌ستوریی هه‌رێم ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبونه‌كه‌ بوو. هه‌ردولا كۆك بون كه‌ پاراستنی ئارامی و سه‌قامگیریی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌ركی هه‌مو لایه‌كه‌."

 

هاوکات "پشتگیریی خۆیان بۆ ئاماده‌كارییه‌كانی حكومه‌تی فیدراڵ و لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كان بۆ سه‌رخستنی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی عێراق دوپات كرده‌وه‌ و له‌م ڕوه‌وه‌ هه‌ماهه‌نگی و هاوكاریی نێوان نوێنه‌رانی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌غدا به‌رز هه‌ڵسه‌نگێنرا و دوپاتی به‌رده‌وامیی ئه‌و هه‌ماهه‌نگییه‌ كرایه‌وه‌."

 

هەر بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، "هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ جێبه‌جێكردنی ڕێككه‌وتنه‌ سیاسی و ئیدارییه‌كانی نێوان هه‌ردولا كرا، له‌ نێویشیاندا بابه‌تی لامه‌ركه‌زییه‌ت له‌ هه‌رێمی كوردستان. هه‌ردولا پابه‌ندیی خۆیان دوپات كرده‌وه‌ به‌ ڕێككه‌وتنی سیاسیی نێوانیان و به‌رنامه‌ی كاری كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم بۆ به‌رجه‌سته‌كردنی لامه‌ركه‌زییه‌ت له‌ هه‌رێم و شۆڕكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان و له‌ئه‌ستۆگرتنی به‌رپرسیاریه‌تیی ھاوبه‌ش و نه‌هێشتنی ڕۆتین له‌ ڕاییكردنی كاری هاوڵاتییان و پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌ و خزمه‌تگوزارییه‌ گشتیه‌كان. له‌م ڕوه‌وه‌ هه‌نگاوه‌كان به‌ ئه‌رێنی هه‌ژمار كران و دوپاتی به‌رده‌وامیی كاری هاوبه‌ش بۆ جێبه‌جێكردنی ته‌واوی ڕێككه‌وتنه‌كان كرایه‌وه‌ و میكانیزمی گونجاو له‌و ڕوه‌وه‌ بڕیاری لێدرا."