ناس کورد-کاروان مەحمود
جێگری سەرۆکی لیژنەى پهروهرده و خوێندنى باڵاو توێژینەوەی زانستی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگهیاند، پرۆسەی پەروەردە لە هەرێمی کوردستان لە مردن نزیک دەبێتەوەو ئەوەش دەڵێت: "بۆ دیاریکردنی چارەسەری گونجاو لابردنی کۆسپەکانی بەردەم دەستپێکردنەوەی خوێندنی ئەمساڵ لیژنەکەیان رۆژی سێ شەممە کۆدەبێتەوە".
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
موسلیم عەبدوڵڵا قەسرێ، جێگری سەرۆکی لیژنەى پهروهرده و خوێندنى باڵاو توێژینەوەی زانستی لە پەرلەمانی کوردستان بە "ناس کورد"ی راگەیاند، ئەو ماوەیەی دیاریکراوە وەکو تاقیکردنەوەیەک بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندنی ساڵی تازە لە هەرێمی کوردستان سەرکەوتوو نەبوو بەهۆی ئەوەی لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن کرابوو جگە لەوەش لە پارێزگاکانی دیکەش نیگەرانی لای مامۆستایان و قوتابیان دروستکردبوو، جگە لەوەش حکومەت وەکو پێویست پابەندی پێدانی مافەکانی مامۆستایان و موچەکانیان نەبووە.
راشیگەیاند، لە ئیستادا پایەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان لەق بووە و پرۆسەکە لە مردن نزیک بووەتەوە و پێویستە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە بودجەیەکی تایبەت تەرخان بکرێت بۆ وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا تاوەکو کار بکرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و لابردنی کۆسپەکانی بەردەم پرۆسەکە.
موسلیم عەبدوڵڵا قەسرێ جێگری سەرۆکی لیژنەى پهروهرده و خوێندنى باڵاو توێژینەوەی زانستی لە پەرلەمانی کوردستان ڕونیكردهوه، بۆ تاوتوێکردنی چۆنێتی دەستپێکردنەوەی خوێندن و دیاریکردنی شێوازێکی گونجاو رۆژی (سێشەممە) لیژنەکەمان لە پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە و کۆی ئەو خاڵانەی گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و دەکرێتە پێشنیار دەدرێتە وەزارەتی خوێندنی باڵاو وەزارەتی پەروەردە تاوەکو پێکەوە میکانیزمێکی گونجاو دیاری بکەین و مەترسییەکانی بەردەم لاوازتر بوونی پرۆسەی خوێندن کەم بکرێتەوە.