کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس كورد- وەزیری نەوتی عێراق و جێگری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری وزە بەهۆی ئەوەی هەرێمی كوردستان هیچ بڕە نەوتێكی رادەستی بەغدا نەكردووە، پێشبینی ئەوە دەكات كە چیتر بەغدا بودجەی هەرێمی كوردستان و پشكە داراییەكانی هەرێم خەرج نەكات. . لەمیانەی بەشداریكردنی لەبەرنامەی (بالحرف الواحد)ی كەناڵی شەرقییە، سامر غەزبان جێگری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری وزە و وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند "هەتا ئێستا حكومەتی عێراق هیچ بڕە نەوتێكی لە هەرێمی كوردستان وەرنەگرتووە لەكاتێكدا بەپێی رێككەوتنی نێوانمان دەبووایە رۆژانە هەرێمی كوردستان 250 هەزار بەرمیل نەوتی رادەستی ناوەند بكردایە". . وەزیری نەوتی عێراق روونیدەكاتەوە، بەگوێرەی یاسای بودجەی عێراق دەبێت رۆژانە هەرێمی كوردستان 250 هەزار بەرمیل نەوت لەرێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە رادەستی حكومەتی عێراق بكات، بەڵام هەتا ئێستا یەك بەرمیلە نەوتیشمان وەرنەگرتووە. . غەزبان پێشبینی ئەوەی كرد جگە لە شایستەی چوار مانگ، چیتر بەغدا پشكی هەرێم لە بودجەی عێراق رابگرێت و نەینێرێت. . وتیشی "ئەگەر هەرێمی كوردستان بەگوێرەی یاسای بودجەی گشتی عێراق ئەركەكانی خۆی جێبەجێ نەكات ئەو كاتە قسەی دیكەمان دەبێت". لەبەشێكی تری بەرنامە تەلەفزیۆنییەكەدا وەزیری نەوتی عێراق جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، لەململانێكانی نێوان ئەمریكا و ئێراندا عێراق تەرەفگیر نابێت و ناچێتە هیچ بەرەیەك دژی بەرەكەی تر. . ئاماژەی بەوەش كرد، عێراق رۆڵی نێوەندگیری دەبینێت و هەوڵی دورخستنەوەی گرژی و ئاڵۆزییەكان لە ناوچەكە دەدات. . بەپێی یاسای بودجەی عێراق، پشكی هەرێم لە بودجە زیاتر لە 10 ترلیۆن دینارە بەو مەرجەی هەرێمی كوردستان رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا بكات. . هەربەپێی یاسا، ئەگەر هەرێم نەوتیش رادەست نەكات، دەبێت بەغدا مانگانە 522 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە بنێرێت. .