ناس کورد-
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانێکی فەرمیی بەرەو ئەوروپا دەستپێکرد و هەرێمی کوردستانی جێهێشت، بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی حکومەتیش، گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندییە دیپلوماسییەکانی نێوان هەرێم و وڵاتانی ئەوروپا، بەتایبەتی لە بواری ئابوری گرنگترین ئامانجی گەشتەکەیە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕاگەیەندراوێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ دووشەممە 9ی تشرینی دووەمی 2020 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی شاندێکی حکومی، گەشتێکی فەرمی بەرەو ئەوروپا دەست پێ کرد."
ئاماژەی بەوەشكردووە: "لەو گەشتە ئەوروپاییەدا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی چەند وڵاتێکی ئەوروپا دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتانەدا کۆدەبێتەوە و گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندییە دیپلوماسییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ئەوروپا، بەتایبەتی لە بواری ئابوری دەکات."
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵ دەدات سوود لە شارەزایی و تواناکانی وڵاتانی ئەوروپادا وەربگرێت بۆ پەرەپێدانی دۆخی ئابووریی و گەشەپێدانی وەبەرهێنان و بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان.