گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بردنەوەى بایدن گروپە چەکدارەکانى نزیك له‌ ئێرانی دڵخۆش كردووه‌ 

2020.11.09 - 09:29
App store icon Play store icon Play store icon
بردنەوەى بایدن گروپە چەکدارەکانى نزیك له‌ ئێرانی دڵخۆش كردووه‌ 

ناس كورد- 

میدیایەکى فەڕەنسى بڵاوی كرده‌وه‌، گروپە چەکدارەکانى عیراق ئه‌وانه‌ی نزیكن له‌ئێرانه‌وه‌ پێشوازییەکى گەرمیان لەبردنەوەى جۆ بایدن لەهەڵبژاردنى سەرۆکایەتى ئەمەریکادا کردوە و لەبەرامبەریشدا چالاکان و ژمارەیەک لەبەرپرسانى ترى بەغدا ترسیان لەوە هەیە ئیدارەکەى بایدن سزا سەپێنراوەکان لەسەر ئێران هەڵبگرێت و ئەوەش ببێتە هۆى بەهێزبوونى لایەنگرانى لەعێراقدا.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ئاژانسى فرانس پرێس لەڕاپۆرتێکیدا کە ناس کورد بەدواداچوونى بۆ کردووە ئاماژەى بۆ ئەوە کردووە،، گروپە چەکدارەکانى نزیك له‌ ئێران چاوەڕوانن بایدن کۆتایى بەو سیاسەتە بهێنێت کە ترەمپ بەرامبەر ئێران پیادەى دەکرد، لەو بارەوە محمەد محیێ وتەبێژى کەتیبەکانى حزبوڵا ڕایگەیاندووە، ویلایەتەکەى ترەمپ سەردەمى وێرانکارى بوو، هیوادارن  بایدن کۆتایى بەو قەیرانە بهێنێت و سەربازەکانى ئەمەریکاش لەعێراق بکشێنێتەوە.

 

ئاماژەى بۆ ئەوەش کردووە، ترەمپ بەشێوەیەکى چاوەڕواننەکراو مامەڵەى دەکرد و لەماوەى ویلایەتەکەیدا سەرکردەى گروپەکانى دەکردە ئامانج و دەیکوشتن.

 

هاوکات نەسر شەمەرى وتەبێژى جوڵانەوەى نوجەبا کە ئەویش گروپێکى ترى چەکدارى نزیك له‌ ئێرانە دەڵێت، هەڵبژاردنى بایدن ڕێگەى هاریکارى نێوان وڵاتان خۆش دەکات.

 

بەپێى شارەزایان، ئیدارەى بایدن ستراتیژیەتێکى زیاتر تەقلیدى دەگرێتە بەر و هەوڵى ڕاکێشانى ئێران بۆ سەر مێزى گفتوگۆ دەدات بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان.

 

لەبەرامبەریشدا ژمارەیەک سەرکردەى ترى عێراقى  ترسیان لەوە هەیە بایدن ڕێکكەوتنە ئەتۆمیەکە زیندوو بکاتەوە کە کاتێک ئەو رێکەوتنە کرا ئۆباما سەرۆکى ئەمەریکا و بایدنیش جێگرى بوو، لەو ڕێگەیەشەوە ئێران توانى هەژمونى خۆى فراوانتر بکات لەناوچەکە.

 

لەو بارەیەوە زافر عانى جێگرى سەرۆکى لیژنەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى پەرلەمان بەمیدیاکەى ڕاگەیاندووە، نایانەوێت سیاسەتەکانى سەردەمى ئۆباما جارێکى تر بۆ وڵاتەکەیان بگەڕێتەوە.