ناس کورد-
حەیدەر شەشۆ رایگەیاند، تا ئێستا رێککەوتنى شنگال جێبەجێنەکراوە و هەریەکە لە حەشدى شەعبى و پەکەکە رێگرى دروستدەکەن، بەڵام پێویستە هەرێم و بەغدا بجوڵێن بۆ جێبەجێکردنى.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
حەیدەر شەشۆ، فەرماندەى هێزەکانى پاراستنى شەنگال (8ی تشرینی دووەمی 2020) بە ناس کوردى راگەیاند، "هێشتا رێککەوتنى هەرێم و بەغدا لەسەر ئەرزى واقیع جێبەجێنەکراوە، پێویستە پەلە بکرێت لە جێبەجێکردنى".
وتیشى "رێککەوتنەکە پێویستە بۆ ئاساییکردنەوەى دۆخى قەزاکە، گەڕانەوەى ئاوارەکان، دانانى ئیدارەیەک بۆ بەڕێوەبردنى کاروبارەکان".
حەیدەر شەشۆ جەختیکردەوە، لەلایەن حەشدى شەعبی و پەکەکەوە ڕێگرى بۆ جێبەجێکردنى رێککەوتنەكه دروستدەکرێت، بەڵام پێویستە هەرێم و بەغدا کار بکەن بۆ ئەوەى هەرچى زووە جێبەجێ بکرێت.
ڕۆژی ھەینی (9ی تشرینی یەکەمی 2020)، ھەردوو حکومەتی عێراق و ھەرێمی کوردستان ڕێککەوتنێکیان بۆ ئاسایی کردنەوە دۆخی شنگال واژوو کرد و ڕێککەوتنەکەش بە مێژوویی وەسفکرا.
بەپێی دەقی ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی عێراق و ھەرێمی کوردستان بەناوی "ڕێکەوتنی گەڕانەوەی سەقامگیری و ئاساییکردنەوەی بارودۆخ لە قەزای شنگال" کە بە سێ تەوەر جیاکراوەتەوە و کۆپیەکی دەست ناس کورد کەوتووە، لە تەوەری ئیدارییدا ھاتووە، قایمقامێکی نوێ بۆ شنگال دیاریدەکرێت کە کەسێکی دەستپاک و پیشەیی و سەربەخۆ بێت و قبوڵکراو بێت، لەلایەن لیژنەی پێکھێنراوی ھاوبەش پۆستە ئیدارییەکانی تر دادەنرێت و پێویستە پیشەیی بوون و دەستپاکی و پێکھاتەی کۆمەڵایەتی لەبەرچاو بگیرێت.
لە دەقی ڕێککەوتنەکە کە لە بەرورای 1ی تشرینی یەکەمی 2020 لەلایەن حەمید ڕەشید فلەیح، وەکیلی سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی بە نوێنەرایەتی حکومەتی ناوەند و ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی ھەرێم واژۆکراوە، سەبارەت بە میحوەری ئەمنی ڕونکراوەتەوە، پۆلیسی ناوخۆیی و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و ھەواڵگری بەرپرسیارێتی ئاسایشی قەزاکە دەگرنە ئەستۆ.
باسلەوەشکراوە، سەرجەم پێکھاتە چەکداریەکانی تر دەکرێنە دەرەوە و ٢٥٠٠ ئەندام بۆ ھێزی ئاسایشی ناوخۆیی دادەنرێن و ئاوارەکانی خێوەتگەکان کە خەڵکی شنگالن بەشداریان پێدەکرێت، ھەروەھا کۆتایی بەبوونی پەکەکە لە شنگال و دەوروبەری دەھێنرێت و بونیان نامێنێت لەناوچەکە.